د. بەشیر حەداد: ڕۆژنامەنووسان زمانی حەقیقی ھەر نەتەوە و دەوڵەتێک نیشان دەدەن
ئەمڕۆ د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی فەرمیی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازیی لە وەفدی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان- لقی بەغداد بە سەرۆکایەتی نەقیبی سەندیکا، جەواد مەلەکشاهی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی چەند بابەتێک کرا کە پەیوەندیی بە کاری ڕۆژنامەوانی و پێداویستییەکان هەبوو، هەروەها بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ڕۆژنامەوانان و ئەو خۆبەختکردنانەی کە لەم ڕووەوە داویانە.
د. بەشیر جەختی لە پێویستیی بەردەوامیدان بە هەماهەنگیی نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و بەغدا دا و گرنگیی ڕۆڵی ڕۆژنامەشی بۆ بەردەوامبوون لە کاروانی سیاسەت و پێشهاتە ئەمنییەکان و پابەندبوون بەكاره پیشەییەکانییان و گەیاندنی کێشەی ڕۆژانەی خەڵک و بەشداریکردنیان لە چاکسازی و بووژانەوە و دژایەتیکردنی گەندەڵی بە گرنگ وەسف کرد. هەروەها د. بەشیر داوای لە حکوومەت کرد کە پێداویستییڕۆژنامەنووسان دابین بکات و گیروگرفتەکانی ڕۆژانەیان بۆ چارەسەر بکات و بیانپارێزێت لە گشت کێشەیەک، چونکە ڕۆژنامەنووسان لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بە دەسەڵاتی چوارەم هەژمار دەکرێن، تەئکیدیشی لەپێویستیی هەوڵەکان کرد بۆ سوودوەرگرتن لە کەسانی بە ئەزموون و شارەزایان بۆ چارەسەرکردن و گەیاندنی زانیارییەکان بە شێوەیەکی دروست، هەروەها ئامادەگیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشهات وڕووداوەکان دا.
وەفدی سەندیکا خۆشحاڵیی خۆیان بەو دیدارەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەربڕی و گشت ئەو گیروگرفتانەیان خستە ڕوو کە بوونەتە کۆسپ لە بەردەم ڕۆژنامەنووسانی عێراق و بەردەوامیدان بە هەوڵ وکۆششەکانی ڕۆژنامەنووسانی کورد، بەتایبەت لە بەغدا کە بووەتە جەرگەی هەواڵ و ڕووداوەکان، هەروەها باسی پێویستیی پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی حکوومەت بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران کرا.
kdp-
