"بەیانی دەروازە گومرگییەكانی قەرەهەنجیر و پردێ و فایدە هەڵدەگیرێن"

بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم دەڵێ، بڕیارە بەیانی لە هەموو عێراق كار بە پێناسی گومرگیی نوێ بكرێت و ئەو دەروازە گومرگیانەی كە حكوومەتی عێراق بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا داینابوون، هەڵبگیرێن.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پێناسە گومرکییەی لە هەولێر و ئەوەیشی لە بەغدا كاری پێ دەكرا لە بەیانییەوە كاری پێ ناكرێت. بڕیارە بەیانی پێناسی گومرکیی نوێ لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بكەوێتـە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو بەڕێوبەرە گشتییەی وەزارەتی بازرگانی ئاشكرایشی كرد: "بڕیار وایە بەیانی ئەو دەروازە گومرکییانەی كە حكوومەتی عێراق بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا داینابوون، هەڵبگیرین، وەكو دەروازەكانی پردێ و فایدە و قەرەهەنجیر، ئەمەش بە بڕیاری ژمارە 13ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت."

نەوزاد ئەدهەم ئاماژەیشی دا: "ئەگەر بەیانی ئەو دەروازە گومرگییانەی كە بەغدا بە ڕووی هەرێمدا داینابوون، هەڵبگیرێن، ئەوا پێناسی گومرگیی نوێ دەكەوێتە جێبەجێكردن. ئەگەریش هەڵنەگیران ئێمە هەر كار بە پێناسە گومرگییەكەی خۆمان دەكەینەوە."
kdp-
Top