وەزارەتی پێشمەرگە ھەواڵێک لەبارەی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە ڕەت دەکاتەوە
دوای ئەوەی لە زاری بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگەوە بڵاو کرایەوە کە بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە پلە باڵاکان دراوە. فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕايگەیاند: "ھیچ فەرمانێک نە لە ئەنجومەنی وەزیران و نە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەیەکی دیاریکراو نییە".
ئەمینداری گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات: "لە ساڵی ٢٠١٦ لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت پلە بەرزکردنەوە ڕاگیرا، ھۆکارەکەشی بۆ بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە کە ئەو کاتە دەرچوو، لە وەزارەتی پێشمەرگەش ئەو بڕیار و فەرمانە جێبەجێ کرا".
گوتیشی: "دواتر ئێمە نووسراوێکمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران نارد، لە ساڵی ٢٠١٧ش ئەنجومەنی وەزیران داوای ناردنی خشتەی پلە بەرزکردنەوەکانی لە ئێمە کرد، ئێمەش خشتەی ٢٠١٦ی ئەیلوول و نەورۆزمان بۆ ناردن، بەڵام ئەوان ھەندێک تێبینییان لەسەر ھەبوو، بۆیان ناردینەوە و ئێمە چارەسەرمان کردن، جارێکی دیکە خشتەکانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردەوە، ئێستا لە پێشی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی واژۆ بکرێن".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "من وەک خۆم ئاگام لە ھیچ نووسراوێکی فەرمی نییە، بۆ وەستاندنی ئەم پلە یان ئەو پلە"، چونکە ئێستا خشتەکانی ٢٠١٦ لە ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی واژۆکردنین، ھەر ئەوانە بێنەوە، ئەوا خشتەکانی نەورۆز و ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین".
فەریق جەبار یاوەر ئاشکرای کرد: "ھەموو ساڵێک دوو جار پلە بەرزکردنەوەمان ھەیە و ئێستا خشتەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠، زێرەڤانی، بەرگری، ھەندێک لیوای پاراستنی نەوت بەیەکەوە ڕۆیشتوون و چاوەڕێین وەڵامیان بێتەوە".
باسنيوز
