شوان ڕابەر: كۆبوونەوەكانی پارتی و كۆمەڵ بەردەوام دەبن

شوان ڕابەر: كۆبوونەوەكانی پارتی و كۆمەڵ بەردەوام دەبن
بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت: "لە ئێستادا پێوەندییەكانی كۆمەڵ و پارتی باشن و دەخوازین پێوەندییەكانمان زیاتر پەرە پێ بدەین". دەشڵێ: "كۆمەڵ لە دەرەوەی حكوومەت بێت یان لە حكوومەتدا بێت، بە ئینسافەوە مامەڵە دەكات".

لەبارەی كۆبوونەوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی و پێوەندیی هەردوو حیزب، شوان ڕابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای دوو كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، پێوەندییەكانی هەردوو حیزب باشن و بەرەو باشتریش دەچن".

سەبارەت بە بەردەوامیی كۆبوونەوەكانی پارتی و كۆمەڵ، شوان ڕابەر گوتی: "ئەگەر هیچ شتێكی نەرێنی نەیەتە ئاراوە، ئەوە كۆبوونەوەكانی پارتی و كۆمەڵ بەردەوام دەبن، بۆیە هیوادارین كۆبوونەوەی تر بكرێن و هەماهەنگی و پێشوەچوونی پۆزەتیڤی زیاتری لێ بكەوێتەوە".

بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر گوتی: "هەردوو كۆبوونەوەی نێوان پارتی و كۆمەڵ، هەنگاوێك بوون بۆ لێكحاڵیبوون و دروستبوونەوەی متمانە، هەروەها ئاڵوگۆڕی پرسی دروستكردنی حكوومەتی نوێ كراوە و لە ئایندەدا دەكەوێتە سەر پارتی چۆن و چەند لە كۆمەڵ دەچێتە پێشەوە".

سەبارەت بەوەی كە كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەت بێت یان ئۆپۆزسیۆن، چۆن دەتوانێت هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، شوان ڕابەر بڕوای وایە: "كۆمەڵ لە حكوومەت بێت یان لە دەرەوەی حكوومەت، بە ئینسافەوە كار و مامەڵە دەكات، حیسابی وڵاتپارێزی و بەرژەوەندیی خەڵك و كوردستان لە بەرچاو دەگرێت، گەر ئۆپۆزیسیۆن بێت بە باشی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، لە حكوومەتیشدا بێت ئەركی خۆی ئەنجام دەدات و ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ خزمەتی كوردستان دەیكات".
kdp-
Top