توركیا دەیەوێ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كوردستاندا بەرزتر بكات

توركیا دەیەوێ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كوردستاندا بەرزتر بكات
سەرۆكی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆك گوتی، توركیا دەیەوێت گرنگیی زیاتر بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بدات و بۆ ئەو مەبەستەش چەند ھەنگاوێكی كردەیی دەنێت.

ئەیاد حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "توركیا دەیەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا زیاتر بكات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە دیوی خۆی خاڵی سنووریی پێشابوور فراوان و نۆژەن بكاتەوە و ئاسانكاری بۆ بازرگانان بكات، ئەویش لە رێگەی زیادكردنی ستاف و ئاسانكاری بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان، كە ئەمەش وادەكات ئۆتۆمبێلی بازرگانی بە ئاسانی ھاتوچۆ بكەن و لەجیاتی ئەوەی دوو سەعات چاوەڕێ بكەن، یەكسەر داخڵی ھەرێمی كوردستان دەبن".

حەسەن گوتیشی، بە جێبەجێكردنی ئەو ھەنگاوانە، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و توركیادا زۆر زیاتر دەبێت، چونكە توركیا دەیەوێت گرینگیی زیاتر بە بواری بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بدات و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیی ھەرێمی كوردستانیشە.

دەشڵێ، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ ئەوەی لە ١٧ی ئەم مانگەدا خاڵە گومرگییە نایاساییەكانی نێوان دھۆك و مووسڵیش ھەڵبگیرێن، كە ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوام لە زیادبووندا بێت و ئێستاش بەراورد بە ڕابردوو زۆر زیادی كردووە.
kdp-
Top