توركیا دەیەوێ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كوردستاندا بەرزتر بكات
ئەیاد حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "توركیا دەیەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا زیاتر بكات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە دیوی خۆی خاڵی سنووریی پێشابوور فراوان و نۆژەن بكاتەوە و ئاسانكاری بۆ بازرگانان بكات، ئەویش لە رێگەی زیادكردنی ستاف و ئاسانكاری بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان، كە ئەمەش وادەكات ئۆتۆمبێلی بازرگانی بە ئاسانی ھاتوچۆ بكەن و لەجیاتی ئەوەی دوو سەعات چاوەڕێ بكەن، یەكسەر داخڵی ھەرێمی كوردستان دەبن".
حەسەن گوتیشی، بە جێبەجێكردنی ئەو ھەنگاوانە، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و توركیادا زۆر زیاتر دەبێت، چونكە توركیا دەیەوێت گرینگیی زیاتر بە بواری بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بدات و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیی ھەرێمی كوردستانیشە.
دەشڵێ، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ ئەوەی لە ١٧ی ئەم مانگەدا خاڵە گومرگییە نایاساییەكانی نێوان دھۆك و مووسڵیش ھەڵبگیرێن، كە ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوام لە زیادبووندا بێت و ئێستاش بەراورد بە ڕابردوو زۆر زیادی كردووە.
kdp-
