وەبەرهێنان: پڕۆژە ستراتیژییەكانی 2019 هەلی كار دەڕەخسێنن.. سەرۆكوەزیران رێنمایی دەركردووە
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێدا، كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ لە شاری هەولێر كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە و بەشێك لە پڕۆژەكان ساڵانی رابردوو بە هۆی قەیرانی داراییەوە وەستانبوون، بەڵام ئەمساڵ دەستیان پێكراوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا نیگەرانییەك لەلایەن خاوەنی خانووەكانی گوندی كۆری دروست بوو، كە بە هۆی تەواونەكردنی پڕۆژەكەوە داواكارییان هەبوو.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە شاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە حكوومەت قەرەبووی خاوەنی خانووەكانی گوندی كۆری بكاتەوە، بەپێی ئەو رێنماییانەی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كراوە كە چۆن قەرەبوو دەكرێنەوە، نوێنەرەكانیشیان سەردانی ئێمەیان كردووە و پێمان گوتوون كە ئێستا لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە چاودێریی بابەتەكە دەكرێت و چاوەڕوانی بڕیاری پێویستین بۆ قەرەبووكردنەوەیان، بەڵام وردەكاریی قەرەبووكردنەوەكهدیار نییە، گرنگ ئەوەیە مافیان پارێزراو بێت".
لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت، سامان عارەب ئەوەی خستە روو، 5 كۆمپانیا داوایان كردبوو ئەو پڕۆژەیە وەربگرن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2014ـوە خاوەن پڕۆژەكانی خانووبەرە پڕۆژەكانیان وەستاندووە، بۆیە ئامادە نەبوون ئەو پڕۆژەیە وەربگرن، یان بەردەوامیی پێ بدەن، بۆیە ئومێد دەكەین لە ساڵی تازەدا ئەو پڕۆژەیە وەربگرن، چونكە بەپێی بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەیەكی هاوشێوە دەدرێتە ئەو وەبەرهێنەرە ئەگەر پڕۆژەكە تەواو بكات و خانووەكان رادەستی هاووڵاتیان بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ وەەبەرهێنەرێك لەو بارەیەوە نەهاتووەتە پێشەوە.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە هەولێر دەشڵێت: "ئاگاداری 70 وەبەرهێنەرمان كردووەتەوە كە بێن پڕۆژەكانیان تەواو بكەن، چونكە بەشێكیان بە هۆی قەیرانی دارای و شەڕی داعشەوە پڕۆژەكانیان وەستاندووە، ئێستا %60 بۆ %70 ـی ئەو وەبەرهێنەرانە لە پڕۆژەكانیان دەستبەكار بوونەتەوە و بەشێكیان مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە و بەشێكیشیان لە قۆناغی جێبەجێكردندان، ئومێدەواریشین ساڵی نوێ، ساڵی تەواوكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بێت لە شاری هەولێر".
سامان عارەب راشیگەیاند: "لە ساڵی نوێدا پڕۆژەی ستراتیژی لە كەرتی پیشەسازیدا دەچنە واری جێبەجێكردنەوە، كە هەلی كار بۆ سەدان گەنج دەڕەخسێنن، هەروەها پڕۆژەی دیكەش لە بواری گەشتیاری و بازرگانیدا مۆڵەتیان پێ دراوە چاوەڕوانی ئەوەین لەمساڵدا زیاتر مۆڵەت بە پڕۆژەكان بدرێت".
دەشڵێ: "ئارامیی شاری هەولێر و رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ بازرگانان، هاندەری سەرەكییە بۆ ئەوەی پڕۆژەكان بە خێرایی لە شاری هەولێر تەواو بكرێن و ئومێدەوارین لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قۆناغێكی باش لەو پڕۆژانە بچنە واری جێبەجێكردنەوە".
لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەی شاری پیشەسازییەوە، سامان عارەب ئاماژەی دا، ئەو پڕۆژەیە دەكەوێتە رێگای مووسڵ لە كەورگۆسك، كە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ باشبوونی قەیرانی دارایی بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، كە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی هەموو عێراق و كوردستان
kdp-
