"ناردن و ھاوردەکردنی پۆستە لە نێوان ھەرێم و وڵاتانی جیھاندا دەست پێ دەکاتەوە"
ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی ھەبوونی کێشەیەک لە پۆستەدا ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ناردن و ھێنانی پۆستە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەدا ڕاگیراوە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بڕیارە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەست بە ھەناردەکرن و ھاوردەکرنی پۆستە بکرێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیھاندا."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کێشەی ڕاگرتنی پۆستە لەوەدا بوو ئەو پۆستانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتانی بیانی دەکران کاتی گەیشتنی پۆستە بۆ ھەر وڵاتێک پۆستەی ئەو وڵاتە ئەرکی دابەشکردنی لەخۆ دەگرت، بەڵام پارەی دابەشکردنەکە لەسەر حکوومەتی عێراق ھەژمار دەکرا، چونکە عێراق دەوڵەتە و یەک سیستەمی پۆستەی ھەیە، ئێستا ملیارێک دینار پارەی کرێی پۆستەمان خستووەتە سەر ژمارەی بانکی وەزارەتی گەیاندنی عێراق و زیاتر لە ملیارێکیش بە شێوەی مانگانە بۆیان خەرج دەکەین، ھیچ کێشەیەک لە بواری پۆستەدا نەماوە و چاوەڕێین لە ڕۆژانی داھاتوودا پڕۆسەی پۆستە بۆ دەرەوە دەست پێ بکاتەوە."
ئومێد محەمەد ڕوونی کردەوە: "پۆستەی ناوخۆ بەردەوام کار دەکات و تەنیا پۆستەی نێودەوڵەتی ڕاگیراوە، چونکە پێشتر ڕۆژانە ١٠ تۆن پۆستە لە ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتان دەکرا و ڕێژەیەک ھاوشێوەی پۆستە دەگەیشتە ھەرێمی کوردستان، کە ھەموو بوارەکانی لەخۆ دەگرت و زۆر کارئاسانی بۆ ھاووڵاتیان و کۆمپانیاکان تێدا بوو."
kdp-
