ژاپۆن لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنانەوە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکات"
فەرەیدوون زامدار، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی ئاشکرای کرد: "وڵاتی ژاپۆن ھەڵوێستی ئەرێنییە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک بەغدا قەرزی درێژخایەنی لە ژاپۆن وەرگرت ئامادەنەبوون بەشی ھەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام دوای ھەوڵەکانی ئێمە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژاپۆن ٢٠%ی ئەو قەرزانەی داویەتی بە عێراق، بۆ ھەرێمی کوردستانی خەرج کرد و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەو قەرزە جێبەجێ کراون، لەوانەش پڕۆژەیەکی کارەبا لە قەزای ئامێدی و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان."
سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی_ژاپۆنی دەڵێت: "ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێ بنکەی سەرەکیی ھەندێ کۆمپانیا بگوازێتەوە وڵاتانی جیھان، بەڵام بە ھۆی سستیی پەیوەندیی عێراق و ژاپۆن تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن وەربگیرێت، لەگەل ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان توانیویەتی پەیوەندییەکی باشی ھەبێت و چەند لقێکی کۆمپانیای ژاپۆنی لە کوردستان ھەن، بەتایبەتی ئاژانسی جایکا ڕۆڵی زۆری لە خزمەتکردنی ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە."
فەرەیدوون زامدار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا لە ھەوڵی ئەوەدان ھەندێ بڕاندی ژاپۆنی لە ھەرێمی کوردستان بکەینەوە، لەوانەش لقی کەلوپەلی یەدەکی ئۆتۆمبیل، کە مەزەندە دەکرێت ٦٠%ی ئۆتۆمبیلی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی وڵاتی ژاپۆن بن، ھەروەھا چەند کۆمپانیایەکی خواردنەوە گازییەکان و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، ئەمساڵ ھەنگاوی باش دەنرێن بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی ژاپۆنی ڕۆڵیان لە کەرتی وەبەرھێنان و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت."
kdp-
