پەرلەمانتارێکی پارتی: نەمانزانی یەکێتی هەر دوو ڕۆژ جارێک هەڵوێستی دەگۆڕێت

پەرلەمانتارێکی پارتی: نەمانزانی یەکێتی هەر دوو ڕۆژ جارێک هەڵوێستی دەگۆڕێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت، لەسەر ئەوەی پابەندی ڕێککەوتنەکانی نابێت و ”هەر دوو ڕۆژ جارێک هەڵوێستی دەگۆڕێت“.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ٢ی ٢٠١٩، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی خۆیدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی، دووبارە گەڕاوەتەوە سەر لەیەک بەستنەوەی دۆسیەکانی کەرکووک و بەغدا لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی ڕايگەیاند، پاش ئەوەی پارتی و یەکێتی گەیشتنە ڕێککەوتن تاوەکوو لە ١٨ی مانگ کۆبوونەوە بکرێت، پارتی بەو نەفەسە مامەڵەی لەگەڵ یەکێتیدا کردووە کە پرسەکە نیشتمانییە، بەڵام ”نەمانزانی ھەر دوو ڕۆژ جارێک یەکێتی ھەڵوێستی دەگۆڕێ و ھەر دوو خولەک قسەیەک دەکات“.

ڕوونیشی کردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پارتی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووە تاوەکوو ١٨ی شوبات کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، لەو سێ خاڵەشدا کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، یەکێتی مەرجی ئەوەی دانەناوە کە پێش ئەو بەروارە، ڕێککەوتنی سیاسی بەکۆتا بهێندرێت، ”نازانم ئێستا خێرە کە دەڵێن دەبێ ڕێککەوتن پێش ١٨ی مانگ بکرێ؟“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە پارتی بە باشی دەزانێت یەکێتی لە کۆبوونەوەکەی ١٨ی شوباتی پەرلەماندا بەشدار بێت و ”ئێمە کۆبوونەوەکە دەکەین، بۆ ئەوەش بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و میللەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرین“.

هێڤیدار ئەحمەد نەیشاردەوە کە خەڵکی کوردستان ”تەحەمولیان نەماوە و زۆریان لەگەڵ یەکێتی ڕاکێشاوە“، ئێستا پارتی بە باشی دەزانێت کە یەکێتی بێتە کۆبوونەوەکە و خۆی دوور نەخاتەوە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی هیوا دەخوازێت، یەکێتی کاتێک ڕێککەوتنێک دەکات، پێیەوە پابەند بێ و ”هەموو ڕۆژێ خۆی نەگۆڕێ، چونکە ئەو پەشیمانبوونەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر ناشرینە“.

لە کۆتاییشدا ئەوەی دووپات کردەوە کە کۆبوونەوەکەی ١٨ی شوباتی پەرلەمان دەکرێت، ”یەکێتی بەشدار دەبێ یان نا ئەوە بڕیار لای خۆیەتی، بەڵام فراکسیۆنی پارتی بڕیاری خۆی داوە و کۆبوونەوە دەکەین، چاوەڕوانی یەکێتیش ناکەین، چیتریش خەڵک لێمانی قەبوڵ ناکەن“.












باسنيوز
Top