بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی بڕیاری هەڵگرتنی چەك ڕوونکردنەوە دەدات
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.2.13 لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "مەبەست لە چەكە قورسەكان ئەوەیە لە هەندێ شوێن چەكی قورس هەیە و پێویستە بە زووترین كات ئەو كەسانە ئەو چەكانە ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو شوێنانەی دەوامی لێدەكەن بكەن، جا چ سەربازی بێت، یاخود هێزی ئەمنی، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی دیاری كراوە، ئێمە دەست بەسەر ئەو چەكانەدا دەگرین و ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگەیان دەكەین".
سەبارەت بە چەكی كیڵاشینكۆف و دەمانچە ڕوونی كردەوە: "دوو مەبەست هەیە لەو بڕیارە، لە یاسای عێراقیدا هەبوونی چەك و چەكهەڵگرتن هەیە، بەپێی یاسا ئەوانەی چەك هەڵدەگرن، دەبێت مۆڵەتی یاساییان هەبێت، سەبارەت بەوەی کە هەندێ کەس لە ماڵان چەكیان هەیە، بەڵام هەڵیناگرن، لێژنەیەك پێكدەهێنرێت لە پۆلیس و ئاسایش چەند شوێنێك دیاری دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، پێویستە هەموو ئەو كەسانەی چەكیان لە ماڵەوە هەیەلە ماوەی شەش مانگدا سەردانی ئەو شوێنانە بكەن و فۆرمێك پڕ بكەنەوە كە ناوناویشانی كەسەكە و جۆر و ژمارەی چەكەكەی تۆمار بكات".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "هەر كەسێك لە هەر پلە و پایەیەك بێت، بەبێ مۆڵەت چەك هەڵبگرێت، دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، سەبارەت بەو كەسانەی كە چەكیان هەیە و مۆڵەتیان نییە، بەڵام لە ماڵەوەی دایدەنێن، لەو ماوەیەدا هەر هاووڵاتییەك چەكەكەی تۆمار نەكات ئەوا بەپێی مادەی 21ی چەك ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و سزا دەدرێت، بۆیە ماوەی شەش مانگ دیاری كراوە بۆ ئەوەی بتوانرێ كۆنترۆڵی هەموو ئەو چەكانە بكرێت و كاتیش هەبێت بۆ تۆماركردنی".
باسی لەوەش كرد: "لە دوای ئەو شەش مانگە، ئەو چەكەی تۆمار كراوە ئەگەر بێت و هەر تاوانێكی پێ بكرێت، ئەوا لە ئەستۆی ئەو كەسەیە كە چەكەكەی بەناوەوە تۆمار كراوە، بازاری چەك لەژێر كۆنترۆڵدایە، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا بە سیستەمێكی نوێ بەڕێوە دەبردێت".
باسنيوز
