پۆلیسێکی ھەولێر بەشێک لە جگەری بەخشییە ئافرەتێک
ئەمڕۆ چوارشەممە 13/2/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، کە کاتژمێر 10ی بەیانیی ئەمڕۆ لیوای ماف عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، پێشواز لە کارمەندی پۆلیس (شەمیران قادر محمد) کرد، کە پۆلیسە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر، دانیشتووی شارەدێی (زەڕایەن)ی سەر بە شارۆچکەی (سەیدسادق)ە، کە وەکوو خۆبەخشێک بەشێک لە جگەری خۆی بە ئافرەتێک بەخشیوە، تا ژیانی لە مردن ڕزگار بکات".
پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و دەستخۆشی لەو کارمەندەی پۆلیس کردووە، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتن و ژیانێکی تەندروستی بۆ خواست.
باسنيوز
