کەشناسیی ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە

 کەشناسیی ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی لەبارەی ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/2/2019، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی لەبارەی ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "سبەی پێنجشەممە لە کاتەکانی ئێوارەدا، نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات، بارانبارین لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە ھەندێک ناوچە دەبێت، لە شەودا ئاستی بارانبارینەکە زیاتر دەبێت".

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ڕۆژی ھەینی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست زیاتر دەبێت و باران لە تەواوی ناوچەکەمان دەبارێت، لە ھەندێک ناوچەی شاخاویش باران بەلێزمە دەبارێ".

کەشناسیی ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات باران لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە لە سەرووی 18 ملم بێت، لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکانیش لە سەرووی 40 ملم بێت، بە تایبەتی: ئامێدی، ئاکرێ، زاخۆ، ڕانیە، ڕواندز، چۆمان و سۆران.

ھەر لە ئاگادارییەکەدا باس لەوەش کراوە، لە ماوەی ھاتنی ئەم شەپۆلە، پێشبینی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ھەیە.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و ھەندێک جار لەکاتی بارانبارین ھەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت، ڕۆژی یەکشەممەش 17/2/2019 کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینە کۆتایی دێت.



باسنیوز
Top