فەرماندەیەكی پێشمەرگە: بڕۆامان بە چەكدارانی حەشدی عەشایەری لە كەركووك نییە ، چونكە بە رۆژ حەشدن و بە شەو داعش
فەرماندەیەكی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، سەرجەم چەكدارانی حەشدی عەشایەری لە سنووری پارێزگای كەركووك، پێشتر چەكداری داعشیش بوونە.
لیوا حەمە ڕێگر، جێگری فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: دوو هۆكار هەیە كە ڕێگەی بۆ تیرۆریستانی داعش خۆش كردووە جموجۆڵیان لە سنووری كەركووك هەبێت كە ئەوانیش بریتین لە، یەكەمیان بۆشاییەكی ئەمنی لە غیابی هێزەكانی پێشمەرگە دروست بووە، داعشیش ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە، دووەمیشیان ئەوەیە كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و لەو كاتەوەی حەشدی سوننە (عەشاری) پێكهێنراوە، سەرانی ئەو هێزە میلیشیایەش سەرجەمیان چەكداری داعش بوونە و پاشان هەموویان بوونە چەكداری حەشدی سوننە و چەكیان وەرگرت".
ئاشكراشی كرد، ئێستاش ئەو چەكدارانە خاوەنی چەك و پارە و ئۆتۆمبێلی سەربازین و بە ئاشكرا بۆ هەموو شوێنێك دەڕۆن و بە شەو و رۆژیش كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنیی ناو شاری كەركووك تێك چووە و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعشیش لە دەرەوەش شارەكە زیادی كردووە.
باسنیوز
