عادل عەبدولمەهدی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشە و باشتريش دەبێ
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، "دیداری گرنگمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامداوە، دۆخەکە زۆر باشە و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشە".
لەبارەی میکانزمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2019، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "بەڵێ میکانزمی هەناردەکردنی نەوت هەیە، میکانزمی هەناردەکردنی نەوت رێكکەوتنی لەسەر هەیە و پێویست بە رێكکەوتنی نوێ ناکات و پێویستە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت، ئەمە لەسەری رێكکەوتووین، ئەوەی تایبەتە بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە، ئەوا بەدەست وەزارەتی داراییە و رێنمیایی دەرچووە و دەست بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە کراوە، ئەمە بۆ هەموو یەکە داراییەکانە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی دۆخی کەرکووکی کرد گوتی: "هەموو ئەوانەی لەبارەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەگوترێت راست نین، دۆخی کەرکووک جێگیر و سەقامگیرە، بەپێچەوانەوە دۆخی ئەمنیمان لە کەرکووک بەهێزترکردووە، هەموو بۆشاییەکمان داخستووە کە دەکرێت تیرۆر وەک دەرفەت بیقۆزێتەوە، ئێستا بارەگای کۆنترۆڵی یەکگرتوو هەیە بۆ یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان، کە ئەمە لە رابردوودا نەبوو، دۆخی کەرکووک سەقامگیرە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەندێک بۆشایی ئەمنی هەبوو ئێستا پڕکراونەتەوە، لەنێوان پارێزگای کەرکووک و سەلاحەددین ناوچەیەک هەبوو پێشتر هێزی سەربازی لێ نەبووە، ئێستا هێزی سەربازی لێیە".
عادل عەبدولمەهدی گوتیشی: "گورزی گرنگ لە داعش دەوشێنین لە حەمرین و لە هەر شوێنێک هەست بکەین بوونی چەکدارانی داعش هەیە، شەو و رۆژ بەدواوەیانین و رێگەنادەین هیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ جێگیر بوونیان و چالاکی ئەنجام بدەن، پێچەوانەی ئەوەی باس دەکرێت، زانیارییەکان ئاماژە بە پاشەکشەی داعش دەکەن".
رۆژی 7-2-2019 نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان له بهغدا لهگهڵ عادل عهبدولمههدى، سهرۆكوهزیرانى عێراق كۆبووهوه و جەختیان لە "برهودانى زیاتر به پهیوهندییهكان و هاوكارى و ههماههنگى له ههموو بوارهكاندا کردەوە".
رووداو -
