فراكسیۆنی پارتی بەڵێنیان داوە یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی جینۆساید لە كوردستان دەربكەن

فراكسیۆنی پارتی بەڵێنیان داوە یاسایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی جینۆساید لە كوردستان دەربكەن
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات کە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەدەم پرۆژەیەكەوە هاتوون كە پێشكەش كراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و یاساناسێكیش جەخت لەوە دەكات كە دەبێ بەغداش مولزەم بكرێت بە قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیان.

ئەیاد كاكەیی، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە گەلێكی جینۆسایدكراوین، بۆیە ساڵی ٢٠١٦ پرۆژەیاسایەكمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كە باس لە قەرەبووی جینۆسایدكراوانی كوردستان دەكات و، ئەنفال و كیمیاباران و كەیسی ئەنفالی بارزانییەكان لەخۆ دەگرێت. بەداخەوە تا ئێستا ئەم پرۆژەیە ئیشی لەسەر نەكراوە و تا ئێستا یاسایەك لە كوردستان نییە کە باس لە قەرەبووی جینۆساید بكات، دەبوو لە بوودجەی عێراقیشدا ئەوە یەكلا بكرابایەتەوە، چونكە ئێمە لە وڵاتێكین لە خانەقینەوە تا زاخۆ گوندەكانمان وێران كراوە، زۆرترین قوربانیی جینۆسایدمان هەیە، چوار بڕیاری جینۆسایدمان هەیە لە دادگای باڵای تاوانی عێراق".

کاکەیی گوتی: "ئەم پرۆژەیە دراوەتە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان."

کاکەیی گوتیشی: "لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا سەردانی هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستمانان كردووە، سەرۆكی فراكسۆنی پارتی پێداگری كردووە و بەڵێنیان داوە لە سەرووی هەموو یاساكانەوە ئەم یاسایە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و لە پەرلەمان كاری لەسەر بكرێت و لەوبارەیەوە ئومێدمان بە فراكسیۆنی پارتی هەیە."

هاوكات ئاورینگ شێخ عەلی, یاساناس، لەبارەی گرنگیی ئەو پرۆژەیاسایەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێش ئەوەی ئەو پرۆژەیە بدرێتە پەرلەمانی كوردستان، ئێمە زۆر هەوڵمان دا جەخت لەسەر ئەوە بكرێتەوە كە ئەوەی بەرانبەر بە كورد كراوە پێویستە بەجیهانی بكرێت، چونكە ئەوەی بەرانبەر بە كورد كراوە هیچی كەمتر نییە لە جینۆسایدی ژاپۆن، بۆیە پێویستە ئەم پرۆژەیە لە پەرلەمانی كوردستان بكرێتە یاسا و دەنگی لەسەر بدرێت".

ئەو یاساناسە گوتیشی: "دەبێ ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانیش بە خۆبەخشانە و پێشمەرگەئاسا كاری لەسەر بكەن و داوا بكەین حكوومەتی عێراق، بە شێوەی مەعنەوی و ماددی قەرەبووی قوربانیانی كوردستان بكەنەوە."
kdp-
Top