هەكاری: دەبێ هێزەكانی دەشتی نەینەوای ئاشوورییەكانیش بگەڕێنەوە
ڕۆمیۆ هەكاری، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرەین, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئازادكردنەوەی ناوچە كریستیاننشینەكانی دەشتی نەینەوا لە چنگی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، 70 لەسەدی هاووڵاتیان گەڕانەوە ناوچەكانیان. بەڵام لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی هێزەکانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕەوشی ناوچەكە زۆر خراپ بووە. كریستیانەكان هەڕەشەیان لەسەرە و سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراو نەبووە و چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوویان داوە."
هەكاری دەڵێت: "دوای لێكنزیكبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هاووڵاتیانمان چاوەڕوانی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەن بۆ ناوچەكانیان تا سەروماڵیان پارێزراو بێت."
هەكاری گوتیشی: "چاوەڕوانی هەنگاوی كرداریی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەین بۆ ناوچە کوردستانییەکان، تا هێزەكانی دەشتی نەینەوای ئاشوورییەكان كە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێن بگەڕێنەوە ناوچەكانمان لە دەشتی نەینەوا."
kdp-
