تا دێ لەنێو سەرکردایەتیی چانسی ڕێواز فایەق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەهێزتر دەبێت

تا دێ لەنێو سەرکردایەتیی چانسی ڕێواز فایەق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەهێزتر دەبێت
تا دێت، چانسی ڕێواز فایەق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەبێت و ئەندامێکی سەرکردایەتیی حزبەکەش نایشارێتەوە کە مەحاڵە دوو ئەندامی بنەماڵەی تاڵەبانی دوو پۆستی سیادییان پێ بدرێت.

بازنەی پشتیوانەکانی ڕێواز فایەق لەنێو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕوو لە هەڵکشانە.

لەمبارەیەوە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕايگەیاند، ئەگەر لەنێو یەکێتیدا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان بکرێت، ئەوا قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت کاندید دەکرێت و ڕێواز فایەقیش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

ڕوونیشی کردەوە: ”مەحاڵە دوو تاڵەبانی دوو پۆستە سیادییەکەی یەکێتییان بەدەستەوە بێت، بەوھۆیەوە ئەگەر بە ڕێککەوتن بێت لەناو یەکێتی، ئەوا ڕێواز فایەق دەکرێتە تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان“.

سەرکردەکەی یەکێتی ئەوەشی خستە ڕوو: "لەئێستاوە ھەریەک لە ڕێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی کە ھەردووکیان ئەندامی سەرکردایەتین، لەناو ئەندامانی سەرکردایەتی کار بۆ خۆیان دەکەن و ھەوڵی دەنگ کۆکردنەوە دەدەن، بەڵام ئەگەر بە ڕێککەوتن ناوەکانیان بھێنرێتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە، بەدڵنیاییەوە کە دەنگی زۆرینە بەدەست دەهێنێت و ڕێواز فایەق دەبێتە تاکە کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان".

لەلایەکی دیکەوە ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، بەهۆی ئەوەی ڕێواز فایەق لە ماوەی ڕابردوودا هەڵوێستەکانی ئەرێنی بوون، پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە کەسێکی شایانی دەزانێت.










باسنيوز
Top