ژمارەیەک چەکدار لە سلێمانی زەویی هاووڵاتییان داگیر دەکەن و دواتر دەیفرۆشنەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠١٩، ئەندامانی لێژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا و ئاشکرای کرد کە کەسانێک بەبێ ئەوەی مافی خاوەندارییان هەبێت، لە دەوروبەری سلێمانی و لە قەرەداغ و چەند شوێنێک، زەوییان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی فرۆشتووە و ئەندامێکی لێژنەکە پرسیاری ئەوەی کرد: ”ئاخۆ ئەوانە کێیان لە پشتەوە؟“.
لەلایەن خۆیەوە محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: "ماوەیەکە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو فێربوون زەویوزاری خەڵک داگیر دەکەن و دواتر بەنرخێکێکی ھەرزان ھەڕاجی دەکەن، بەداخەوە ئەو کارانە لە حاڵەتە بوون بەدیاردە و هاووڵاتییانی سلێمانی نیگەران کردووە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان بە شێوەیەکی مەیدانی وەکوو بڕیاردەری لێژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان سەردانی ناوچەی (کانی شینکە)ی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، لەوێ دیویەتی کە کۆمەڵێک کەس ”بە چەکەوە“، بەبێ ئەوەی ھیچ لایەنێکی فەرمیی ئەمنی و جێبەجێکار ڕێگرییان لێ بکات، ھەڵدەستن بە فرۆشتنی ٢٥٠ مەتر زەوی بە بڕی ٢٥٠٠ دۆلار. گوتیشی: ”ئێمە لە ڕێگەی یاداشتێکەوە داوامان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە، تاوەکوو لایەنی پەیوەندیدار ڕاسپێرن، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو چەکدارانە بکەن".
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر ”هاووڵاتییەکی هەژار“ ئەم کارانە بکات، ئەوا لەلایەن لێژنەی ئەمنییەوە دەستگیر و ڕاپێچی دادگا دەکرێت، بۆیە ”ئەگەر ئەو چەکدارانە خەڵکیان لە پشتەوە نەبێت، چۆن دەوێرن کارێکی لەو شێوەیە بکەن، لەکاتێکدا ئێمە دەزگای فەرمیی پۆلیس و ئاسایشمان ھەیە و پێویستە بەپێی یاسا مەماڵە لەگەڵ داگیرکردنی زەویوزار بکەن“. دووپاتیشی کردەوە: ”دیارە ئەو کەسانە خەڵکانێکیان لە پشتەوەیە، بۆیە زەویی هاووڵاتییان داگیر دەکەن".
بەپێویستیشی زانی داواکاری گشتی ”بەپەلە“ بێتە سەر هێڵ و ھەڵوێستی خۆی ھەبێت، چونکە ”ناکرێت کەسانێکی چەکدار بەو شێوەیە مامەڵە بکەن و کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکات".
پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکرای کردبوو کە لە سلێمانیدا هەندێک ”مافیا“ پەیدا بوون و بەو هۆیەوە دژی ئەو مافیایانە لێژنەیەک لە خۆی و شێخ جەعفەر و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی یەکێتی پێکهێندراون، بەڵام دواتر رەخنەی ئەوە لەو لێژنەیە گیرا کە خۆیان وەک بەدیلی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی نیشان دەدەن و ئەو بابەتە ئەرکی لێژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانییە.
باسنيوز
