پۆلیسی سلێمانی: بکوژی ھاووڵاتییەک دەستگیر کرا

پۆلیسی سلێمانی: بکوژی ھاووڵاتییەک دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی بازیان کەسێکیان دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ژن براکەی.

ئەمڕۆ سێشەممە 12/2/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "شەوی ڕابردوو 11/2/2019، ھاووڵاتییەک بە چەقۆ کوژرا، دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، کەشف و ھێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە کرا و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا کەسێک دەستگیر بکرێت، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ژن براکەی".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێستا تۆمەتبار (م، ع، ح) بە ڕەگەز کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە، بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراوە".

ھەر لە ھەمان ڕاگەیاندراودا، پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی بازیان باوک و کوڕێکیان دەستگیر کردووە، کە تەقەیان کردووە، ئێستاش بەپێی ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون".

باس لەوەش کرداوە، کە تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ک، م) کە لە ڕەگەزی نێرە، بەپێی ماددەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە، کە ئۆتۆمبێلی ھاوسەرەکەی ڕفاندبوو و پاشان سووتاندبووی".









باسنیوز
Top