زانیاریی نوێ لەبارەی مووچەی مانگی ١ی ٢٠١٩وە

 زانیاریی نوێ لەبارەی مووچەی مانگی ١ی ٢٠١٩وە
بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە لە سەرچاوەیەکی نێو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی سەر بە وەزارەتی دارایی ، سەرجەم گەنجینەکان ئاگادار کراونەتەوە، کە ئێستا بۆ مەبەستی وردبینی داوای لیستی مووچەی مانگی ١ی ٢٠١٩ لە وەزارەت و فەرمانگەکان نەکرێت.



ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو، چاوەڕوانی بڕیاری حکوومەت دەکرێت، بۆ ئەوەی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەران دیاری بکرێت، ئاخۆ مووچەی مانگی ١ی ئەمساڵ بە ھەمان سیستەمی پاشەکەوت دەبێت یاخود بەبێ جێبەجێکردنی سیستەمی پاشەکەوت، بۆیە سەرجەم فەرمانگەکان ئاگادار کراونەتەوە، کە جارێ لیستی مووچەی مانگی ١یان بە مەبەستی وردبینی بۆ ڕەوانە نەکەن، دەبێ لەم بارەیەوە چاوەڕێی بڕیاری حکوومەت بکرێت.



ئەمە لەکاتێکدا پێنجشەمەی ڕابردوو، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی کردنەوەی قوتابخانەیەکی شاری ھەولێر، کە لەلایەن ھاووڵاتییەکەوە نۆژەن کرابووەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، باسی لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کرد و ڕای گەیاند: «ھەر کاتێک بودجەی عێراق بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەو بڕە پارەیەی دیاری کراوە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت: ”ئەو کاتەی پارەکە ھات، پاشەکەوتی مووچەش نامێنێت“.



پێشتر پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەی دارایی عێراق و بەرپرسانی دیکە ڕایان گەیاندبوو، کە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی خستووەتە دەرەوەی ململانێی سیاسی و بابەتی ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و ئەگەر ھەیە، مانگانە حکوومەتی عێراق بەبێ ڕادەستکردنی نەوت، بڕی ٥٢٢ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات.



باسیش لەوە کرابوو، کە بەھۆی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە یاسای بودجە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، پێویستە ڕێنمایی لەم بارەیەوە دەربکرێت و پاشان بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، کە دوور نییە پرۆسەکە تا مانگی ٤ی داھاتوو بخایەنێت.



وەزارەتی دارایی، لە ٥ی ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ی ٢٠١٨ کردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت، لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٨ی فەرمانبەر و مووچەخۆران دابەش بکرێت.







باسنیوز
Top