پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، دەیان خێزانی دیكەی عەرەبی هاوردە گەڕاوتەنەوە سنووری شارۆچكەی داقووق
بەرپرسێكی حزبی ڕای دەگەیەنێت، بە بڕیارێكی ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، دەیان خێزانی دیكەی عەرەبی هاوردە گەڕاوتەنەوە سنووری شارۆچكەی داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك.
ئەمڕۆ سێشەممە 12/2/2019، هیوا رەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی، ڕاگەیاند: دەیانی خێزانی دیكەی عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (ئەلبووحنێحن)، كە دەكەوێتە نێوان گوندی (مەنسوور) و (فەریقئاوای) ناوچەی حەفتەغاری كوردنشین".
گوتیشی: "ئەو عەرەبانە لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەبكردنەوەی ناوچەكەدا گەڕاونەتەوە سنوورەكە و بە بڕیارێكی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك گەڕاوەنەتەوە و ئێستاش بەنیازن زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كوردیش داگیر بكەن و لەلایەن قایمقامی و پۆلیسی داقووقیشەوە هیچ رێگرییان لێ ناكرێت".
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داقووقیان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە جگە لەوی دۆخی ئەمنی ناوچەكە نالەبارە پرۆسەی بەعەرەبكردنەوەش لە سنوورەكە دەستی پێ كردووەتەوە.
باسنیوز
