پەرلەمانتارێکی تورکمان: پارتی مەبدەئیەن بە داواکارییەکانمان ڕازی بووە
محەمەد ئیلخانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە ١١\٢\٢٠١٩ شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حزب و لایەنە تورکمانییەکانیان کرد، ئامانج لە سەردانەکەش وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئێمە بوو لەسەر بەشداریکردنی تورکمانەکان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا".
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە گوتیشی: "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەشداریکردنی تورکمانەکان بوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی شوباتدا، ئێمەش ڕامانگەیاند کە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لەسەر چونیەتیی بەشداریکردینیان لە کابینەی نۆی حکوومەت داواکارییەکانیان ئاراستەی شاندی پارتی کردووە، کە بریتین لە وەرگرتنی یەکێک لە جێگرەکانی پۆستە سیادییەکان، هەروەها وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و چەند پۆست و پلەیەکی دیکە".
ئاشکراشی کرد: "هەرچەندە کۆبوونەوەکە زیاتر ڕاوێژکاری بووە و وردەکارییەکان دەکەونە دوای کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام شاندی پارتی مەبدەئیەن بە داواکارییەکانمان ڕازی بوون".
باسنیوز
