پارتی: گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت بە گشتی ئەرێنییە

پارتی: گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت بە گشتی ئەرێنییە
ئەندامێکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوە دەچن.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەی مەسیحی، عەلی حوسێن، ئەندامی شاندەکەی پارتی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، سەردانەکەیان بە مەبەستی زانینی تێڕوانینی ئەو پێکهاتەیە بووە بۆ شایستەی نەتەوەیی و شایستەی هەڵبژاردن. جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆکان ”زۆر باش و ئەرێنی بوون“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بابەتی پێدانی کام وەزارەت بە کام لایەن و پێکهاتە، بۆ ئەو کەسە جێدەهێڵندرێت کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێردرێت. گوتیشی: ”لێژنەیەک هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دانیشتووە و بە گشتی ئاراستەکە ئەرێنییە“.

لەلایەن خۆشیەوە ڕۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حزبی بێت نەهرێن، بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە ئەوان دەخوازن نوێنەریان لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، تاوەکوو ”گەلی ئێمە ئاسوودە بێت لە داهاتووی خۆی و مافەکانی لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی هەرێمی کوردستاندا“.








باسنیوز
Top