رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لە 18 خاڵ پێكدێت
بە گوتەی پیرە، رێككەوتننامەكە پێناسەی شێوەی پێكەوەكردن و شەراكەتی راستەقینە دەكات لەنێوان یەكێتی و پارتیدا "ئەو شەراكەتە دەبێت رەنگبداتەوە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، سیاسەتی دارایی و شەقافیەت، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، هەروەها لە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە لە هێزێكی حیزبی بۆ هێزێكی نیشتمانی، بە پڕۆسەیەك كە پێیدەگوترێت ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە".
رۆژی پێنجی شوباتی 2019، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ نووسینی رەشنووسی رێككەوتنێكی سیاسی، تاوەكو مەكتەبی سیاسی هەردوولا واژۆی بكەن و بڕیاری لەسەر بدرێت.
سەعدی پیرە گوتی: "من و مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راسپێردراوین بۆ نووسینەوەی رەشنووسی رێككەوتنە، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە تەواو نەبووە، گەیشتووینەتە سیغەیەك كە تاوەكو ئێستا 80%ی كۆتایی هاتووە، تەنیا لە هەندێك خاڵدا جیاوازییەكی كەممان هەیە".
وا بڕیارە پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 18ی ئەم مانگەدا، جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی "ئەو رەشنووسە ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی هەردوولا واژۆ بكرێت و لەگەڵ ئەو داخوازی و تێبینییانەی گۆڕان دەدیداتە پارتی، دەكرێتە كارنامەی حكومەت". گوتیشی بەپێی رەشنووسی رێككەوتنەكە :"هەردوو حزب ئاگاداری سیاسەتی دارایی حكومەت و داهاتەكان دەبن و لە جوڵەی سەربازیدا رای یەكێتی وەردەگیرێت و لە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، یەكێتی بەپێی پێگە و قورسایی خۆی بەرپرسیارێتی پێدەدرێت".
دوای ئەوەی لیژنەكان رەشنووسی رێككەوتنەكەیان دایە مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ واژۆكردنی كۆدەبنەوە و دواتر هەرلەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی ناوی بربژێری سەرۆكی پەرلەمان دەداتە پارتی و پاشان كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێ.
عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند، هەردوولا هەنگاوی باشیان ناوە و بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئامادەكراوە "بۆ بەغدا و دەرەوە و ناوەوە حكومەت سیاسەتێكی رۆشنی دەبێت و یەكهەڵوێستییەكی وا دروستدەكرێ بۆ پرسەكان كە ئیدی ئەوە نەمێنێ هەریەك لە ئاوازێك بخوێنێ و دەستی حكومەت ببەسترێ". گوتیشی "لەو ماوەیە كۆبوونەوەی زۆر كراون و دواتر هەر لەو چوارچێوەیەشدا رێككەوتنێك لەسەر كەركووك دەكرێ".
رووداو
