كاردۆ محەمەد: پارتی و گۆڕان لێكتێگەیشتنیان بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھەیە

كاردۆ محەمەد: پارتی و گۆڕان لێكتێگەیشتنیان بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھەیە
ھەوڵەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن و، بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش باس لە دانوستانی شاندی باڵای پارتی لەگەڵ گۆڕان دەكات و دەڵێ، لێكتێگەیشتن ھەیە و رێككەوتنی پارتی و یەكێتییش زەمینەكە بۆ كۆبوونەوەی چەندلایەنە لەبارتر دەكات.

كاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان،  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان ھێزێكی سیاسیی سەربەخۆیە و سەبارەت بە بەرنامەی حكوومەت پاكێجی ئامادەیە، لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتەوە گۆڕان دانوستانی لەگەڵ پارتی كردووە، ئێستا لەسەر رێككەوتنی پارتی و یەكێتی ماوە، ئەویش زەمینەیەكی دیكە دروست دەكات بۆ ئەوەی بتوانرێت كابینەكە پێك بێنن، گۆڕان لەنێو دانوستانەكان بووە و وەرەقەی خۆی پێشكەش كردووە، لێكتێگەیشتنی سەرەتایی ھەیە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامی كۆتایی".

لەبارەی بۆچوونی گۆڕان لەسەر رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان دەڵێت: "دانوستانەكانی ئەوان زەمینەكە دێنێتە پێشەوە بۆ دانوستانی سێلایەنە یان چەندلایەنە، كە كابینەكە بەرنامەی چۆن دەبێت و چ لایەنێك دەیەوێ تێیدا بەشدار بێت، ھەرچەندە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بە ئیجابی دەبینین بگەنە ئەنجامێك، بەڵام دانوستانەكانی گۆڕان پەیوەست نییە بە رێككەوتنی ھیچ لایەنێكەوە".

كاردۆ محەمەد روونی كردەوە: "زۆر قسە لەسەر پۆست نەكراوە، كە چ پۆستێك بە دیاریكراوی بۆ گۆڕان دەبێت لە كابینەی نوێدا، ئەوەی قسەی لەسەر كراوە، پێمانوایە پێویستە بەشدار بین لە ھەموو ئەو جومگانەی بەڕێوەبردنی دەستەڵاتەكان و ئەویش بەپێی قەبارە و مافی خۆمان، ھەروەھا بەپێی شەراكەت و شێوازی پڕۆسەی بڕیار لە حكوومەت و دەستەڵاتی لایەنی ئیداریی ئەم حكوومەتە".

لەبارەی وەرگرتنی پۆستی جێگیری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، محەمەد گوتی: "ئەوە لە دانوستاندایە و دەبێت ئێمە بگەینە رێككەوتن لەسەر بەرنامەی حكوومەتی داھاتوو، بەلای ئێمەوە پێویستە قۆناغی كابینەی نوێ، قۆناغی گۆڕانكاری بێت و جێپەنجەی ئەو ھێزانەی تێدا بێت كە بەڵێنیان بە خەڵك داوە، بە لای منەوە ئەو پرەنسیپانە گرینگن سیستەمێك ھەبێت دامەزراوەیی بێت و یاسا سەروەر بێت، ئەگەر ھەموو لایەنەكان ئەو بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ، ئەوكات دەگەینە ئەو قۆناغەی بەپێی قەبارەی خۆمان بەشداریمان ھەبێت، ئێمە پرەنسیپەكانمان بەلاوە گرینگن و بەشداریشمان لە حكوومەت ھەر لە پێناو جێبەجێكردنی ئەو پرەنسیپانەیە".

بەرپرسەكەی گۆڕان، گەشبینە بە تێڕوانینی پارتی بۆ بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی حكوومەتدا و ئاماژە بە ھەڵوێستی شاندی دانوستانكاری پارتی لەگەڵ حزبەكەی دەدات، ناشیشارێتەوە كە چییان لەبارەی بەرنامەكەی گۆڕانەوە گوتووە و گوتی: "پارتی گوتوویانە ئەمجارە ئێمە بە نەفەسی بەرنامەدانان بۆ كابینەی حكوومەت تەماشای قۆناغەكە دەكەین، واتە ئەو بەرنامەیەی كە ئۆپۆزسیۆن دەڵێت لە پرسە نیشتیمانییەكاندا بوونی هەبێت، كە خۆی لە دژایەتیكردنی گەندەڵی و كاركردنی دامەزاروەكان بە شێوەی یاسایی و سەربەخۆیی دەستەڵاتەكاندا دەبینێتەوە، هەروەها ھەموو ئەو پرسانەی پێویستن لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بكرێن، گرینگە دەزگایەكی نیشتیمانی ھەبێت و ئەو ئەركانەی پێ بسپێردرێت".
KDP-
Top