خەسرۆ گۆران: قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لە نێوان هەولێر و بەغدادا دروست بووە

خەسرۆ گۆران: قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لە نێوان هەولێر و بەغدادا دروست بووە
ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەسرۆ گۆران ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا تۆكمە دەكرێتەوە و هەندێك هەنگاویش بۆ ئەو مەبەستە نراون".

خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدادا دروست بووە، ئێستا لیژنەی باڵای سەربازی پێك هاتووە بۆ دروستكردنی هەماهەنگیی سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكاندا، لەرووی ئابوورییشەوە دۆخی ئابووریی كوردستان بە بەراوردی ساڵانی رابردوو زۆر باشتر بووە، چەند ساڵێك پێش ئێستا هیچ گەرەنتییەك نەبوو بۆ ناردنی بودجەی كوردستان، سوپاس بۆ هەموو لایەك كە بە هەوڵی هەموومان ئەو پرسە لە بودجەی عێراق چارە كرا و مافەكانی كورد ئەگەرچی هەمووی نییە، بەڵام لە یاسای بودجەدا دیاری كران، سەرجەم ئەمانەیش دەرهاویشەی سەردانی سەرۆك بارزانی بوون بۆ بەغدا".

گۆران گوتیشی: "سەرۆك بارزانی دەرگا داخراوەكانی كردنەوە و گەشبینین پەیوەندییەكان باشتر ببن و تۆكمەتر بكرێن و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هەردوولادا دروست ببێت".

دەشڵێ: "دۆستایەتیمان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی هەیە و پشتیوانیی خۆمان بۆ كابینەكەی دەربڕی، لە بەغداش نەبووینە هۆكاری شەڕ، بەڵكوو هاوكار بووین بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە باوەڕ ناكەین عەبدولمەهدی هەڵەكانی عەبادی دووبارە بكاتەوە، چونكە خۆی لەناو پێشمەرگە بووە و دۆستی كوردە، دەریشكەوت هەنگاوەكانی رابردووی عەبادی، زیانیان بۆ عێراق هەبووە".
kdp-
Top