دیاری حوسێن: هیوادارین هەموو لایەنێک لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەشدار بن
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و تێیدا چەندین پرس گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و کۆبوونەوەکەش لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، نەک کەرکووک، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان تا دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە ناگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، بۆیە ئێمە پێداگرین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان."
دیاری حوسێن گوتیشی: "کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کاراکردنەوەی ئەنجومەن و چۆنیەتیی کارکردنی ئەنجومەنە و دانانی بەرنامەیەک بۆ ئایندە، بۆیە ھیوادارین ھەموو لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن، بۆیە کۆبوونەوەکە گشتییە و تەنیا بۆ لیستی برایەتی نییە."
حوسێن باسی لەوەش کرد: "گفتوگۆ ھەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک و ھەرکاتێک بەرھەمی ھەبوو ئەوکات ئێمەش دەگەڕێینەوە، بەڵام بەو شێوەی ئێستا ناگەڕێینەوە."
حوسێن گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ١٨ی مانگ پارێزگار دیاری ناکرێت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە پارێزگار کەسێکی بێلایەن بێت تا ھەڵبژاردن دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێ کێشەکان چارە بکات."
kdp-
