ئێران: کۆبوونەوەی وارشۆ شکست دەهێنێت
محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (تابناک) ئاشکرای کردووە، ئەمریکا بۆ کۆنفرانسی دژە ئێرانیی وارشۆ زۆری هەوڵ داوە، بۆیە لە ئامانجەکەی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و ڕایان گەیاندووە، پرسی دژایەتیی ئێران بابەتی ئەو دانیشتنە نییە".
زەریف ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمریکییەکان ڕایان گەیاندووە کە لە دانیشتنی وارشۆدا جێگری سەرکۆمار ئامادە دەبێت، کە واتە هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەیە ئەو ئامانج و پلانانەی کە سەرەتا بۆ ئەم دانیشتنە و دژایەتیکردنی ئێران، بە ئامانج نەگەیشتوون".
بڕیارە ڕێکەوتی 13 و 14ی ئەم مانگە لە وارشۆ پایتەختی پۆڵەندا گەورەترین دانیشتن تایبەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەک لەوان پرسی پێگەی ئێران و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوتوێ بکرێن و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی بانگهێشت کراون، بەڵام تاکوو ئێستا ئێران بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت نەکراوە.
باسنيوز
