بەرپرسی لقی چواردە: خەڵکی مووسڵ داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، خواستێکی زۆری ھاووڵاتیان و پێکھاتەکانی پارێزگای نەینەوا ھەیە بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ مووسڵ و دەوروبەری و دەشڵێت: "ناوچەکە پێویستی بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەیە، چونکە بە پێی دەستووریش پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان پێکەوە ناوچەکە بەڕێوە دەبەن تا ئەوکاتەی بە پێی یاسا چارەنووسیان یەکلا دەکرێتەوە."
بە پێی دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا، ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت لە لێدوانێکیدا لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ھەموو ناوچەکانی پێشوو و سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق."
بەرپرسی لقی چواردە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵکی مووسڵ زۆر پێی خۆشە پێشمەرگە بگەڕێتەوە مووسڵ و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە نەمێنێ، لەبەر ئەوەی ھاووڵاتیانی مووسڵ ناخۆشیی زۆریان بینیوە لە سەردەمی دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی داعش، خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون دوای نەمانی داعش سەقامگیری بگەڕێتەوە ناوچەکە، کەچی دوای ھاتنی ھێزەکانی دوای داعشیش ھێشتا ڕەوشی ئەمنی لەوپەڕی خراپیدایە."
ئەوکاتەی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بەھێز بوو، ڕەوشی ئەمنیی مووسڵ کەوتە بەر مەترسییەکی گەورە، ئەوکات لەسەر داوای خەڵک و حکوومەتی عێراق ژمارەیەک یەکەی پێشمەرگە لەنێو سەنتەری شاری مووسڵدا جێگیر کران و پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە شکاندنی تیرۆریستان و پاراستنی ھاووڵاتیانی مووسڵ.
عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ئێستاش خەڵکی مووسڵ لەدڵەڕاوکێدا دەژین، بەتایبەتی ماوەیەکە شانەکانی داعش لەناو سەنتەری مووسڵ و دەوروبەری چالاک بوون و دەستیان بە جووڵە کردوە و مەترسییان کەم نییە لەسەر مووسڵ، خەڵکی تەنیا باوەریان بە ھێزی پێشمەرگە هەیە کە بەرگرییان لێ بکات."
عەلی خەلیل ڕوونی کردەوە: "بەردەوام چینوتوێژەکانی مووسڵ ئەو پەیامە دەگەیەننە ئێمە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ، ئێمە پێشبینی دەکەین پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە بگەڕێتەوە دەشتی نەینەوا و تا مووسڵیش، بەڵام وردەکاریی گەڕانەوەی پێشمەرگە تا کوێیە لای ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانە."
kdp-
