سەرکردەیەکی سوننەکان: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیری دێنێت
نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتمانی، بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی، د. عەلا مەکی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی باشە و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغداش زۆر باشە، ئەیاد عەلاویش وەکو نوێنەری سوننەکان بەردەوام سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی دیدار دەکات، بۆیە ھیوادارین بەردەوام دۆخی سیاسی باشتر بێت."
د. عەلا مەکی گوتیشی: "پێکھاتەی کورد بەشێکی ڕەسەنی عێراقن و پێویستە سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکرێت، چونکە مافیان لە عێراق ھەیە، بۆیە گەشبینین کە مافەکانی کورد لەم کابینەیەدا دابین بکرێت."
مەکی گوتیشی: "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێوستی بە ئەمنییەت ھەیە، بۆیە پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی فەرمییە لە عێراق و خاوەن توانایەکی زۆرن، بۆیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکان پێویست بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ھەیە."
ئەو سەرکردەیەی سوننەکان ئەوەیشی خستە ڕوو: "ھێزی پێشمەرگە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە و پێشمەرگەکان ڕاھێنانیان پێ کراوە، بۆیە گرنگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و ئەگەریش هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە جارێکی دیکە ئەمنییەت بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە کێشەی زۆریان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە و لەو ھێزانە ڕازی نین، چونکە ڕەفتاریان لەگەڵ خەڵک زۆر خراپە."
kdp-
