لە خورماتوو حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد

لە خورماتوو حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێ، ئەمڕۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو پاشەكشەیان كردووە، هێزێكی سەر بە لیوای 61ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتوونەتە شوێنیان.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ  حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو پاشەكشەیان كردووە، هێزی لیوای 61ی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتوونەتە شوێنیان و لە بازگە و دەروازەكانی شار جێگیر بوونە."

بڕیار بوو هێزێكی ئەمەریكی لە فڕۆكەخانەی سەربازیی سدیق سەربازگەیەك دابمەزرێنن كە بە دووریی 15 كم لە ڕۆژئاوای قەزای خورماتووە. پێوەست بەم بابەتە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرایشی كرد: "هێزە ئەمەریكییەكان چاوەڕوانی جێبەجێكردنی هەنگاو و ڕێكکەوتنە سەربازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدان، دوای كشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بڕیارە ئەوانیش بێنە فڕۆكەخانەی سەربازیی سدیق لە خورماتوو و بنكەی سەربازی دابمەزرێنن. ئێستا حەشدی شەعبی سەرجەم چەكە قورسەكانی لە فڕۆكەخانەكە كشاندووەتەوە بەرەو ئامرلی، تەنیا هەندێك چەكداریان لە فڕۆكەخانەكەدا ماوە."

ئەرسەلان عەلی ئاماژەیشی دا: "ڕەوشی خورماتوو و دەوروبەری تا ئەمڕۆش ناجێگیرە و هەر دوێشەو كەسێك ڕفێندراوە، كە گومان دەكرێت حەشدی شەعبی ئەم كارەیان كردبێت. چەندین گوندی كورد هەن كە تا ئێستاش بە هۆی بوونی هەڕەشەی تیرۆریستانەوە خۆیان پاسەوانی لە خۆیان دەكەن."

خورماتوو شارۆچكەیەكی كوردستانییە، لە سەرەنجامی خیانەت و لە ڕووداوەكانی 16ی‌ ئۆكتۆبەردا هێزەکانی عێراق هاتنە شارۆچكەی‌ خورماتوو. وێرای‌ شەهید و برینداربوونی‌ ژمارەیەك پێشمەگە و هاووڵاتیی‌ سڤیل، هاوكات هاووڵاتیانی‌ كوردی‌ شارەكە ئاوارە بوون و دواتر لە لایەن چەكدارەكانی حەشدی شەعبییەوە بە سەدان خانوو، دووكان، باڵەخانە و مڵكی‌ هاووڵاتیانی‌ كورد تەقێندرایەوە و تاڵان كران.
KDP-
Top