چەند هەڕەشەیەکی شازادەی سعوودییە لە جەمال خاشوقچی ئاشکرا دەکرێن
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی دەرەوەی ئەمەریکا لە رێگای دەزگا هەواڵگیرییەکان زانیویانە، پێش خنکاندنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقوچی لە باڵیۆزخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ، شازادەی سعوودییە نیازی هەبووە ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆی رەخنەکانی بکوژێت.
سعوودییە رەتیکردووەتەوە کە شازادە هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتنی جەمال خاشوقچیەوە هەبێت و هەرچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاشە، زۆر گوێ بەوە نادات کە کێ بکوژی ئەو رۆژنامەنووسەیە.
محەمەد بن سەلمان لە ئەمەریکا نزیکە، بە تایبەت لەگەڵ جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری باڵای ترەمپ، رەنگە ئەمەش کاریگەری خۆی هەبێت.
ئەو لێدوانەی شازدەی سعوودییە لە دەزگا هەواڵگیرییەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت تاکو بیکەنە بەڵگە و محەمەد بن سەلمانی پێ تاوانبار بکەن.
لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، محەمەد بن سەلمان ئەو لێدوانەی لە ئەیلوولی ساڵی 2017 لەگەڵ تورکی دەخیل، رۆژنامەنووس و یاریدەدەری داوە، هاوکاتیشە لەگەڵ وتار نووسینی جەمال خاشوقچی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست.
شازادە رایگەیاندووە، ئەگەر خاشوقچی نەگەڕێندرێتەوە سعوودییە، ئەوا دەبێت بە زۆر بگەڕێندرێتەوە، ئەگەر ئەوەش سوودی نەبێت، دەبێت بکوژرێت.
چەند رۆژێک پێش قسەکردن لەگەڵ ئەلدەخیل، شازادە قسەی لەگەڵ یاریدەدەرێکی دیکەی بە ناوی سعود ئەلقەحتانی کردووە و پێی گووتوە، خاشقوچی بووەتە کەسێکی کاریگەر و لە رێگای تویتەر و نووسینەکانی، وێنەی شازادەی جێنشین وەکو کەسێکی ریفۆرمخواز دەشێوێنێت.
قەحتانی لە وەڵامدا رایگەیاندووە، بێدەنگ کردنی خاشوقچی کاردانەوەی نێودەوڵەتی دەبێت و زیان بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام شازادە سووربووە و پێی گوتووە: "سعوودییە نابێت گوێ بداتە کاردانەوەی جیهانی کاتێک لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی مامەڵە دەکات".
خاشوقچی لە 2ی تشرینی یەکەم ساڵی رابردوو، چووە کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵی تورکیا، بەڵام لەوێ کوژرا و تەرمەکەی شاردرایەوە، وەک رۆژنامەنووسێکیش، رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتەکەی دەگرت و بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی دەنووسی.
K24 –
