پشتیوان سادق: ئاسۆ ڕوونە.. لە ماوەیەكی كەمدا حكوومەت دروست دەكرێت
د. پشتیوان سادق، لە مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەی مەتین لە شاری ھەولێر، كە لەسەر ئەركی خێرخوازان نۆژەن كراوەتەوە، ڕایگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە دۆخی ئابووری باش بێت، بودجەی تایبەت بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان دیاری دەكات، چونكە ٥٠٠قوتابخانە لە ھەرێمی كوردستان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەی بەپەلە ھەیە و بۆ دروستكردنی قوتابخانەش پێویستمان بە ملیارێك و ٥٠٠ملیۆن دۆلار ھەیە، هەروەها ئەمساڵ پێویستمان بە ٤١٠ قوتابخانەی ١٨پۆلی ھەیە، بۆیە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بەردەوامە".
وەزیری پەروەردە گوتیشی: "داوا لەو كەسانە دەكەین كە توانای داراییان باشە، بەو پێیەی قوتابخانە ھی هەموو خەڵكە، بەشداری لە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەدا بكەن، چونكە تەنیا لە رێگەی پەروەردەوە دەتوانین زانست پێشكەشی میللەتی خۆمان بكەین و زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەین".
سەبارەت بە لابردنی پاشەكەوتی مووچەش، سادق باسی لەوە كرد، ئاسۆ ڕوونە و بارودۆخی دارایی و سیاسی بەرەو باشی دەڕوات، ھەر كاتێكیش بەشەبودجە لە بەغداوە بێت، بێگومان پاشەكەوتی مووچە لادەبرێت.
لەبارەی دۆخی سیاسیی ھەرێمی كوردستانیشەوە گوتی: "پێش چەند رۆژێك، كۆبوونەوەیەكی گرینگ لە نێوان پارتی و یەكێتیدا كراوە و ١٨ی مانگ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە، كێشەكانیش جەوھەرین نین تا پڕۆسەی سیاسی بوەستێت، بۆیە لە ماوەیەكی كەمدا حكوومەت دروست دەكرێت و خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێت".
kdp -
