چینوتوێژه‌كانی سلێمانی: هه‌نگاوه‌كانی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌رز دەنرخێنن
بێستون به‌شاره‌تی، چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێم كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دیموكراسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌بێت كه هاووڵاتیانی كوردستان 130 ڕۆژه ده‌نگیان داوه به حكوومه‌تێكی به‌هێز بۆ چوار ساڵی ئاینده".
هاووڵاتیانی كوردستان داوا له هێزه براوه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی هاووڵاتیان بگه‌نه ڕێكکه‌وتن و حكوومه‌تی نوێی هه‌رێم ڕابگه‌یه‌نن، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان دڵه‌ڕاوكێیان نه‌مێنێت له‌وه‌ی به هۆی پێكنه‌هێنانی حكوومه‌تی نوێ زۆربه‌ی كاره‌كانیان ڕاگرتووه.
به‌شاره‌تی ده‌ڵێ: "پێكنه‌هێنانی حكوومه‌ت دڵه‌ڕاوكێی له‌ناو هاووڵاتیان دروست كردووه، چونكه له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكوومه‌ت داموده‌زگاكان زیاتر باری موئه‌سه‌ساتی به خۆیانه‌وه ده‌بینن، ئاسۆش له‌به‌رده‌م هاووڵاتیان و سه‌رمایه‌داراندا ڕوونه كه هه‌نگاو بنێن له به‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌كانیان".
پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزی یه‌كه‌می كوردستان له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان به‌رده‌وامه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، له كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی وه‌فدی دانوستانكاری پارتی و یه‌كێتیدا ڕۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌یان دیاری كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.
ئه‌و چالاكوانه ده‌ڵێ: "هه‌نگاوه‌كانی پارتی بۆ دروستكردنی حكوومه‌تێكی به‌هێز له كوردستان گرنگه و هیوادارین حیزبه‌كانی تری كوردستان كه به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، بۆ داوای پشك له حكوومه‌تدا پابه‌ندی ده‌نگی گه‌ل بن و ده‌بێ كوردستان له فه‌راخی ده‌ستووریدا نه‌هێڵدرێته‌وه".
ئارام عه‌لی، ئه‌ندازیاری شارستانی له سلێمانی، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری بووژانه‌وه‌ی ژیانی تاك له كوردستان پێویسته به زووترین كات حكوومه‌تی نوێى هه‌رێم پێك بهێندرێت، چونكه به هۆی پێكنه‌هاتنی حیزبه‌كان له‌مه‌ڕ پێكهێنانی حكوومه‌تەوە سه‌رمایه‌داران و كاسبكاران له دڵه‌ڕاوكێدان، زۆرێك له كاره‌كان ڕاوه‌ستاون و چاوه‌ڕێی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن".
عه‌لی ده‌ڵێ: "چه‌ندین پرۆژه‌ی ئیستیسماری هه‌یه و ڕاوه‌ستاوه و بازرگانێكی زۆر كه ده‌یانه‌وێت باڵه‌خانه‌كان ته‌واو بكه‌ن، یان باڵه‌خانه‌ی نوێ دروست بكه‌ن، چاوه‌ڕێی پێكهێنانی حكوومه‌ت و ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كانن، بۆیه ده‌بێ هه‌نگاوی پێكهێنانی حكوومه‌ت زیاتر په‌له‌ی لێ بكرێت".
لە سلێمانی داوا ده‌كرێت بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان كوردستان و به‌غدا حكوومه‌تێكی به‌هێز پێك بهێندرێت. هەروەک عه‌لی گوتی: "بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان كوردستان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن و بۆ دەستەبەرکردنی ته‌واوی مافه ئابوورییەکان و هاوسه‌نگیی هێز و كۆتاییهێنان به داگیركاری و به‌سه‌ربازگه‌كردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، پێویستمان به حكوومه‌تێكی به‌هێزه، وه‌ك ئەوەی پارتی داوای ده‌كات، بۆ ئەوەی ته‌واوی ئه‌و كێشانه‌ی باسمان كردن، حکوومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق چاره‌سه‌رییان بكات".
kdp -
