بۆ نەمانی كێشەكان هەولێر و بەغدا زیاتر لێك نزیك دەبنەوە
پێش كەمێك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بووەوە.
حەسەن حەدۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئۆمێدی خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە لە چوار ساڵی داهاتوودا كوردستانێكی بەهێزیان هەبێت و لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە هەن نەمێنن، ئۆمێدی خەڵكی كوردستان هەر ئەوەیە و هەر ئەوەش لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم چاوەڕێ دەكرێت."
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان گوتیشی: "بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، سەردانی بەڕێزیان بۆ بەغدا ئەو بەستەڵەکەی تواندەوە كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، ئێستا تێگەیشتنێك دروست بووە، خەڵكی كوردستانیش بەو سەردانە و ئەو شتانەی كە دەكرێن دڵخۆشن و هیوادارن هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن نەمێنن و ڕۆژبەڕۆژ كوردستان پێش بكەوێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەنجامی ئەو سەردانەی سەرۆك بارزانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بەدەر دەكەوێت و زیاتر لێك نزیك دەبنەوە بۆ نەمانی كێشەكان".
kdp-
