سەرۆکی کاتیی پەرلەمان: ١٨ی شوبات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت

 سەرۆکی کاتیی پەرلەمان: ١٨ی شوبات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.



رێڤینگ هرووری کە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و سەرۆکایەتیی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان دەکات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ١٨ی ٢ی ٢٠١٩دا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.



سەرۆکی کاتیی پەرلەمان گەشبینیی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و ڕوونی کردەوە کە ”بواری تێدا نەماوە“، بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ مانگە کۆبوونەوە لە دوا کۆبوونەوە دەکرێت، بۆیە پێشبینی کرد کە بەشێک لە کێشەکان لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەدا چارەسەر بکرێت.



ئاماژەشی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەرەو ئەوە دەچن کە لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کەرکووک و بەغدا یەک دەنگییەک درووست بکەن.



ڕۆژی سێشەممە ٥ی ٢ی ٢٠١٩، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە ١٨ی شوباتدا کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت. لە هەمان ڕۆژیشدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەولێر ئەنجام بدرێت.



بەپێی زانیارییەکان هەریەک لە ڕێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە یەکەمیان لەلایەن کۆسرەت ڕەسووڵ و زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە پشتبوانی دەکرێت، دووەمیشیان لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە پشتیوانی دکرێت.





باسنیوز
Top