دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیر كران

دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیر كران
ھێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە لەلایەن دادگاوە داوا كرابوون.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرا كرد: "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا و بنكەی پۆلیسی كوردستان دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەلایەن دادگاوە داواكراو بوون".

لەو راگەیەندراوەوە روونكراوەتەوە: "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هاووڵاتیانی فریوداوەو فێڵی لێكردوون و بەناوی كەسانی ترەوە پارەی لە هاووڵاتیان وەرگرتووەو هەڵاتووە. دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس لە پلانێكی تۆكمەدا و دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر تۆمەتبار توانرا لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەراوە (ر، ج، س) دەستگیربكرێت و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی اگیراوە".

بەپێی راگەیەندراوەكە لەلایەكی دیكە: "هێزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەستابوو بە تەزویركردنی بەڵگەنامە و بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە. ئێستا تۆمەتبارەكە بەبڕیاری داوەرو بەپێی ماددەكانی (289-298 لە یاسای سزادانی عێراقی و 4 لە یاسای چاندنی ئەندامەكانی لەش) راگیراوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە".
k24-
Top