نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین هاوکاری و پشتگیرییەکانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین هاوکاری و پشتگیرییەکانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانی رابردووی و هیوای خواست ئەو پشتگیری و هاوکارییانە لە داهاتووشدا بەردەوام بن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ جۆزیپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
 
لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا کە دوای کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکارێکی سەرەکی بووە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان. هەم مەشق و راهێنان و هەم لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و سەربازی پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە  و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان هەبووە و بەردەوام کاری کردووە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە: "لەبوارەکانی سیاسی و کولتووری و فەرهەنگیشدا پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا هەیە و سوپاسیان دەکەین بۆ هەموو ئەو کارانەی لەڕووی کولتوورییەوە لە هەرێمی کوردستان دەیکەن".
 
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتگیری و هاوکاری رابردوویان و هیوای خواست، لە داهاتووشدا بەردەوام بن. هەروەها گوتی: "سوپاسیان دەکەین کە لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتمەند و لەژێر پاراستنی هێزێکی ئیتاڵیدا رۆڵێکی باشیان لە پاراستن و چاککردنەوەی بەنداوی مووسڵ هەبووە و ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکەن".
 
سەرۆکوەزیران باسی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کرد و گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا باسی پەیوەندی هەولێر و بەغدامان کردووە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات. دووپاتمانکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە حکوومەتی جەنابی د. عادل عەبدولمەهدی دەکات و خوازیاری ئەوەیە کێشەکانی لەگەڵیدا چارەسەر بکات".
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "باسمان لەدۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان کرد و داواکارین ئیتاڵیا بەردەوام هاریکار بێت لە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستاندا. باسمان لە پرسی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستن و یارمەتیدانی هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسی کۆنسوڵی ئیتاڵیای کرد لە هەولێر بەهۆی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدات لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا".
kdp-
Top