رێڤینگ هرووری: 18ی ئەم مانگە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری دەكرێت

رێڤینگ هرووری: 18ی ئەم مانگە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری دەكرێت
سەرۆكی كاتیی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، لە دانیشتنی 18ی ئەم مانگەدا، سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری دەكرێت. دەشڵێ، هیوادارن هەنگاوی خێراتر بۆ ئەو مەبەستە بنرێت، بۆ ئەوەی هەم پەرلەمان، هەمیش حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم بكەونە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.

دوێنێ شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسووڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی كۆ بوونەوە و، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن و بەپێی ئەو رێككەوتنەیش رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

رێڤینگ هرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پارتی و یەكێتی لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون و بڕیار دراوە 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت، بۆیە بۆ ئێمەی پەرلەمانتاران و خەڵكی كوردستان شتێكی زۆر دڵخۆشكەر بوو، چونكە ماوەیەكی زۆرە خەڵك چاوەڕێ دەكات دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت و لیژنەكان دابنرێن و پەرلەمان دەست بە كاری خۆی بكات، هەروەها حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم پێك بهێنرێن، ئەوانەیش هەموو گرێ درابوون بە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتییەوە، بۆیە ئەوەی كە دوێنێ بڕیاری لێ درا، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی كاتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران پێشوازی لێ دەكەین و هیوادارین هەنگاوەكانی دواتر زووتر بنرێن، بۆ ئەوەی هەم پەرلەمان، هەمیش حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم بكەونە خزمەتی هاووڵاتیانەوە".

سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ: "دەبێ لە دانیشتنی 18ی مانگدا سەرۆكایەتیی پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە، چونكە كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی ماوەتەوە تا پەرلەمان دادەنیشێت، لەگەڵ دەستپێكردنی دانیشتنی پەرلەماندا، كۆبوونەوەكە بە كراوەیی نامێنێت و دەبێت دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەوەش پەرلەمان دەست بە كاری خۆی دەكات".
kdp-
Top