زەحمەتکێشان: پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەین و پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن

زەحمەتکێشان: پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەین و پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن
بەرپرسێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێی وایە، تا سەقامگیری بگەڕێتەوە نێو خەڵک و سەختیی قۆناغی شەڕی داعش و قەیرانەکان لەبیری خەڵک بەرینەوە، پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، ھاوکات ھەڵوێستی حزبەکەیشی ڕوون کردەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و دەڵێ، پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەن.

گۆران جەلال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاشکرای کرد: "ھێشتا بەفەرمی شاندی پارتی ڕاینەگەیاندووە سەردانی ئێمە دەکات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بکات، کەواتە سەردانی ئێمەش دەکات، ھەرکاتێکیش سەردانیان کردین، وەک حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشوازی لە شاندی دانوستکاری پارتی دەکەین."

لەبارەی ھەڵوێستی حزبەکەی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لەسەر سیاسەتی خۆمان بەردەوام دەبین، ئۆپۆزسیۆنبوون و نەبوون لای ئیمە گرینگ نییە، ھەرشتێک لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان بێت پشتگیریی دەکەین و بەپێچەوانەوەش، ئێمە لە کابینەی ھەشتدا ئۆپۆزسیۆن بووین، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پێناسەی ئۆپۆزسیۆنبوون بە شێوەیەکی مەتاتی دەکرێت، ئێمە پێمان وایە ھەر بڕیارێک لە پڕۆسەی سیاسی بدرێت پرس بە ئێمە نەکرێت واتە ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، لە وڵاتی ئێمە تەنیا بەوانە دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام کە ئێمە نەچینە حکوومەتەوە، واتە ئۆپۆزسیۆنین، ھەتا بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنمان نەکرد."

چوار ساڵی ڕابردوو سەرەڕای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و قەیرانی سەختی دارایی، بە ھۆی پەرتەوازەییی ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی سەختیان بەڕێ کرد، بەڵام  وەک گۆران دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی ھەیە و ئەرکی ھەموو ھێزە سیاسییەکانە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگرن."

گۆران جەلال زیاتر ڕوونی کردەوە: "دەبێت لایەنەکان لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانی بگەنە ڕێککەوتن و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، ئەوکاتە سەقامیگری دەگەڕێتەوە نێو شەقام و ئەو ماندووبونەی خەڵک لە ڕابردوودا بینییان، دەڕەوێتەوە و ھاووڵاتیان دەگەنە ئامانجی خۆیان کە سەقامگیریی وڵاتی ئێمەیە، چونکە لە ھەموو قۆناغێکدا ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەقامگیری ھەیە و ئەوەش بە لایەنە سیاسییەکان دێتە ئاراوە.
kdp-
Top