حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام بدات

حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام بدات
بەرپرسی پێوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە قەرزی بەڵێندەران بداتەوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیش جێبەجێ دەکات، لەوانە دروستکردنی کۆمەڵێک قوتابخانە و شەقامی ١٥٠ مەتری و ڕێگای ھەولێر بۆ گۆپاڵە و کردنەوەی تونێلی پیرمام، بۆیە ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری دەبێت.

بەرپرسی پێوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بەشار عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی کەرتی وەبەرھێنان چەندین بڕیاری گرنگی داوە، کە ئێستا لە ژێر دەستی ئەواندایە و کاری لەسەر دەکەن، لەوانە دابینکردنی پارە بۆ بەڵێندەران بۆ ئەو پڕۆژانەی ڕاگیراون و ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی نوێش ئەنجام دەدرێن و ئێستا دەستی پێ کردووە، لەوانە دروستکردنی  ٨ قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە ھەولێر و جارێکی دیکە ٢٠% قەرزی بەڵێندەران خەرج دەکرێت."

بەشار عەلی گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی لە شارۆچکەکان و گوندەکانیش ئەنجام دەدرێن حکوومەت بڕیاری داوە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت و ھەر یەکێک کار نەکات پڕۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم کاری جددی دەکات بۆ  پەرەپێدانی کەرتی وەبەرھێنان."

عەلی باسی لەوەش کرد: "پارە بۆ دروستکردنی ئەو ٨ قوتابخانەیە دابین کراوە و دەست بە دروستکردنیان کراوە کە وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتییان دەکات و جگە لەوە لە شوێنەکانی دیکەش قوتابخانە دروست دەکرێن."

بەشار عەلی دەشڵێ: "چەندین پڕۆژەی دیکەش لە جێبەجێکردندان، لەوانە ڕێگای ھەولێر بۆ گۆپاڵە و شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر و ڕێگای بەردەڕش بۆ کەڵەکیش پڕۆژەیەکی دیکەیە و کار دەکرێت بۆ کردنەوەی تونێلی پیرمامیش، بۆیە بەگشتی ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت."
kdp-
Top