مامۆستایەکی زانکۆ: کەوتنە سەرپێی پەرلەمان پێگەی کورد بەرانبەر بەغدا بەھێز دەکات
ھەرکاتێک پارتی و یەکێتی پێکەوە ھاوڕا بووبن، ئەوە ھەرێمی کوردستان زیاتر زاڵ بووە بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا. ڕێبین ئازاد، مامۆستای زانکۆ پێی وایە، ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت و دەشڵێت: "پارتی و یەکێتی دوو ھێزی سەرەکی و کاریگەری ھەرێمی کوردستانن و ھاوھەڵوێستییان کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەبوونی کابینەیەکی حکوومەت کە لایەنە سەرەکییەکان تێیدا بەشدار بن، ھۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان بێتە ئاوارە، بەتایبەتی کۆدەنگیی یەکێتی و پارتی زۆر گرینگە بۆ ئەوەی پێکەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەن، بۆ کۆی پرسەکان، واتە ھێزێکی زیاتر دەبەخشێت بە کورد بەرانبەر بە عێراق."
ئازاد ڕوونی کردەوە: "تەنیا ساڵی ڕابردوو ھەنگاوی زۆر نراون، بەتایبەتی لە شەش مانگی ڕابردوودا کورد پێگەی دیار بووە لە بەغدا، کەوتنە سەرپێی پەرلەمانی کوردستان، ئاستی پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە دەبات، چونکە بینیمان دانوستانەکانی ڕابردوو بەرھەمدار بوون لەوەی ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا پێکەوە بە پێی دەستوور ئیدارەی ئەو ناوچانە بکەن."
ڕێبین ئازاد، بەھێزیی کاندیدانی پارتی بۆ ھەردوو پۆستی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە خاڵێکی ئەرێنی دەبینێ بۆ ئەوەی ھەردوو کاراکتەرەکە پێشتر ڕۆڵیان ھەبووە لەسەر بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان و گوتیشی: "کاندیدانی پارتی، ھەم نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم و ھەمیش مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە خاڵە بەھێزەکانی پارتی کە دەیەوێ کارەکتەری بەھێز بۆ ئەو پۆستانە دیاری بکات و ئەوانیش ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان ھەیە لەوەی بتوانن کوردستان بەرەو پێگەیەکی بەھێزتر ببەن."
kdp-
