جەبار یاوەر: عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر کردوویانە هەڵەبووە
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی کاری هەفتەی لیژنەکانی هەماهەنگی پێـشمەرگە و سوپای عێراق، رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لیژنەی ناوچەییمان دامەزراندووە، لیژنەیەک بۆ ناوچەکانی پارێزگای سەلاحەدین، لیژنەیەک بۆ کەرکووک، لیژنەیەک بۆ مەخموور و لیژنەیەکیش بۆ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی موسڵ، حکومەتی عێراقیش بە هەمان شێوە پێنج لیژنەی بۆ هەمان ناوچە هەیە".
سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانەی پێش ساڵی 2014 لێی بووە، جەبار یاوەر، دەڵێت: "جارێ ئێمە چاوەڕێی ئەو لیژنانە دەکەین لەسەر نەخشە دیراسەتێکی ئەو ناوچانە دەکەن، واتە ئەو ناوچانەی پێویستە هێزی هاوبەشی لێبێت، ناوەندی هاوئاهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لێبێت، دیارە ئەو ناوچانەش هەمووی ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، یان ئەو ناوچانەی کە پێی دەگوترێت ناوچەی ناکۆکی لەسەر، ئەو ناوچانەی کە پێشتر هێزی پێشمەرگە بە خوێنی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاری کرد".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت: "دوای ئەوەی حکومەتی عێراق دژ بە ماددە 9ـی دەستوور لە 16ی ئۆکتۆبەر سوپای بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوخۆیی و هاووڵاتیانی خۆی و هێزەکانی پێشمەرگە بەکارهێنا، ئەمە بووە مایەی ئەوەی ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنییەتەوە نەتوانرا بپارێزرێت، لە بەرامبەریشدا تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە وردە وردە دەستیان بە خۆ رێکخستنەوە کردەوە، ئێستاش بنکە و بارەگایان هەیە و جموجۆڵێکی زۆریان لەو ناوچانە هەیە، رۆژانە خەڵکێکی زۆر شەهید دەبێت، لەبری ئاوەدانکردنەوە ئێستا خەڵک ناوچەکانیان جێدەهێڵن".
جەبار یاوەر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "ئێستا دیارە حکومەتی فیدراڵ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەو کارەی کردوویانە، کارێکی هەڵەبووە، دەبوو هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراق بە یەکەوە ئەو ناوچانە بپارێزن و رێگە لە کارە تیرۆریستییەکانی داعش بگرن".
رۆژی 4-2-2019 شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رێککەتوون لەسەر دروستکردنی پێنج لیژنەی ناوچەیی بۆ تاتوێکردنی دۆسیەی ئەمنی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو لیژنە هاوبەشە ناوچەییەکان دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و بڕیار لەسەر داهاتووی ئەمنی ناوچەکانیان بدەن.
کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە دوای ئەوە دێت، کە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی نەبووەتەوە.
رووداو
