هاوپەیمانان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی شەڕی دژی داعش کۆ دەبنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-2-2019، وەزیرانی دەرەوەی 79 وڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرپەرشتیی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشتن کۆ دەبنەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە گفتوگۆ لە بارەی قۆناغی دووەمی شەڕی دژی داعش دەکەن، کە بریتییە لە چۆنێتیی شکستهێنان بە داعش بە تەواوی و دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەو ناوچانەی پێشتر داگیری کردبوون.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە هەوڵ دەدەن لەو قۆناغەدا سەقامگیریی ناوچە رزگارکراوەکان بپارێزن و هاوکاریی هێزە لۆکاڵییەکان بن لە رووبەڕووبوونەوەی بیری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، ژمارەیەک وڵاتی جیهان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، پێک هێنا، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەندامێکی کاریگەر و بەهێزی هاوپەیمانییەکەیە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
