بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ دەکرێت
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، ئەحمەد جەڕبا، سەرکردەیەکی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پشتگیریی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی تا 32 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، دەکات.
هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، ئەحمەد جەڕبا پێشنیازی کردووە هیچ هێزێکی تورکی لەو ناوچە ئارامە نەبێت، بەڵکو پاراستنی ئەو ناوچەیە بە هێزێکی هەڵبژاردەی سەر بە خۆی و پێشمەرگەی رۆژ، بسپێردرێت.
لە راپۆرتەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6-2-2019 بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە، ”لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا“، ئەحمەد جەڕبا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە و پێشنیازەکەی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان، پێ دەگەیەنێت.
پێشتر وەک چارەسەرێک بۆ هەڕەشەکانی تورکیا بە داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، باس لە رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا، کرا.
پێشمەرگەی رۆژ لەشکرێکی نزیک سێ هەزار پێشمەرگەییە، کە کچ و کوڕی رۆژئاوای کوردستانن و بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا و دەسەڵاتی تاکڕەویی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەو کچ و کوڕانەی رۆژئاوای کوردستان لەچوارچێوەی پەرۆشییان بۆ ئەو بەشەی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان رێکخران و مەشقی سەربازییان پێ درا و خۆیان وەک لەشکری پێشمەرگەی رۆژ، ناساند.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە ٥ی ٣ی ٢٠١٩، سەرۆک بارزانی لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئایندەی کورد لە سووریا ڕاگەیاند.
باسنیوز
