باڵیۆزی ئەڵمانیا: سەرۆک بارزانی بۆ هەموو کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ئومێدێکی زۆرە
ڕۆژی سێشەممە ٥ـی ٢ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین، سەرۆک بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی ئاڵمانیا کرد کە پێکھاتبوو لە سریل ناون، باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق و باربارا وۆلف، کونسوڵی ئەڵمانیا لە ھەولێر.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق و کوردستان دا و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەڵمانیا لەبواری یارمەتیی مرۆیی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە عێراقدا کار دەکات، ھەروەھا وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بۆ وڵاتەکەی، ئەوەی خستە ڕوو کە سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کورد لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ئومێدێکی زۆرە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تاوتوێ کرا و ھەروەھا ڕۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشھاتەکان و مەترسییەکانی تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و ئاییندەی کورد لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی کورد لە سووریا بە شاندی ئەڵمانی ڕاگەیاند.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو کەشە ئیجابییەی کە لە نێوان ھەردوولا ھاتووەتە ئاراوە، جەختی لە ڕێکاری سیاسی و ئاشتییانە و دیالۆگ کردەوە لە چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
باسنیوز
