حەشدی شیعی لە كەركووك هێزێکی گەورەی کۆسرەت ڕەسووڵیان گەڕاندووەتەوە
بەپێی زانیارییەكان لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەستی کەوتووە، دوێنێ دووشەممە ٤ی ٢ی ٢٠١٩، کاتێک کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بە کەژاوەیەکی گەورەی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی پاسەوانی خۆی ویستوویەتی بچێتە نێو کەرکووک، لە دوایین بازگەی پێشمەرگە تێپەڕیوە و لەلایەن پۆلیسی ئیتیحادییەوە ڕێگەی پێ نەدراوە تەواوی هێزەکە لەگەڵ خۆیدا بباتە نێو شارەکە.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد کە هێزێکی گەورەی کۆسرەت ڕەسووڵ بەناچاری گەڕاونەتەوە سەنگەرێکی پێشمەرگە لە سنوورەکە و کۆسرەت ڕەسووڵیش بە چەند ئۆتۆمبێلێک کە ژمارەیان لە ٦ ئۆتۆمبێل زیاتر نەبووە، چووەتە نێو کەرکووک.
جەختیشی کردەوە کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، ماوەیەکی زۆر کۆسرەت ڕەسووڵ لە بازگەکەی پۆلیسی ئیتیحادی ماوەتەوە تاوەکوو لە دەورووبەری کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ تێپەڕ بووە.
بەپێی زانیارییەکان، هەر دوێنێ، پۆلیسی ئیتیحادی لە بازگەی چیمەن، ئۆتۆمبێلەکانی ڕێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەکێتییان ڕاگرتووە و چەکی پاسەوانەکانیان بردووە، بەو هۆیەشەوە مشتومڕێکی توند درووست بووە و لە ئەنجامدا پاسەوانەکانی ڕێبوار تەها بە چەکەکانیانەوە لە بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر دەستبەسەر کراون، بەڵام پاش ئەوەی لەمبارەیەوە گفتوگۆ کراوە و پەیوەندی بە بەغداوە کراوە، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر، پاسەوانەکانی ئازاد کردووە و چەکەکانیشیان وەرگرتووەتەوە.
باسنیوز
