باڵیۆزی ئەمریکا لە نامەی ماڵئاواییەکەیدا: پشتیوانیی هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر دەکەین

 باڵیۆزی ئەمریکا لە نامەی ماڵئاواییەکەیدا: پشتیوانیی هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر دەکەین
دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆز ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی بە ئەرکەکەی هات و باڵیۆزێکی تازە لە شوێنی دەست بەکار دەبێت. لە نامەی ماڵئاواییکردنیشیدا جەختی لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستانێکی سەقامگیر و سەرکەوتوو کردەوە.



ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ٢ی ٢٠١٩، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، دەقی نامەی ماڵئاواییەکەی دۆگڵاس سیلیمانی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕای گەیاندووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خزمەتکردنی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنی و فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوو بووە. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ”پێگە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر، بە توندی پشتیوانیی هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و سەرکەوتوو دەکەن.



لە بەشێکی دیکەی نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەیدا، سیلیمان باسی لە بیرەوەرییە خۆشەکانی خۆی و هاوسەرەکەی لە شار و ناوچەکانی عێراق کردووە و یەکێک لەو بیرەوەرییە خۆشانەش لای ئەو، خواردنی کەباب بووە لەنێو بازاڕی هەولێردا.



ئەمەش دەقی نامەکەی دۆگڵاس سیلیمان کە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وەرگێڕانی بۆ کردووە:



خزمەتکردنم وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەماوەی دووساڵ و نیوی ڕابردوودا لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندیە ئابوری و ئاسایشی و فەرھەنگیەکانی نێوان ھەردوو گەل جێگەی شانازیم بووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و پێگە دیپلۆماسیەکانمان لەھەریەک لە بەغداد و ھەولێر بە توندی پشتیوانی یەکگرتوویی و سەروەری و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی عێراق و ھەروەھا ھەرێمێکی کوردستانی سەقامگیرو سەرکەوتو وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق دەکەن.



لەکاتێکدا من عێراق جێدەھێڵم, بیرەوەری خۆش لەزۆربەی ئەو بەشانەی عێراقەوە لەگەڵ خۆمد ا دەبەم کە سەردانم کردوون. ھەمو شوێنێک کە خۆ م و ھاوسەرەکەم کاسرین سەردانمان کردبێت, سەرم سوڕماوە بە ھەچەشنەیی وڵاتەکەو گەرموگوڕیو سەخاوەتی خەڵکەکەی. پیاسەمان بەناو باخە خورماکانی بەسرەدا کردو بە جێپێیەکانی ئیبراھیم دا ھەنگاومان ھەڵگرت لە ناو جێماوەکانی ئور لە ناسریە. ژیانەوەی زۆنگاوە جوانەکانی باشوری عێراقمان بینی لە شیابیش و لەسەر پێی شێرەکەی بابیلۆن وەستاین. سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری فەلوجەم کرد, کە بە کۆمەکی ئەمەریکا نۆژەنکراوەتەوە, ھەروەھا قسەم لەگەڵ پاڵەوانانی ئازای دژە تیرۆر کرد لەسەنتەری چارەسەری پاڵەوانانی بریندار لە بەغداد. تامی کەبابم کرد لە ناو بازاڕی ھەولێر و وتارم لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی پێشکەش کردو سەردانی مەزاری پەیامبەر ناحومم کرد لە ئەلقۆش. شانازی بەو ئەزموون و ھاوڕێیەتیەوە دەکەم کە بەرھەمی ناسینی ئەو وڵاتە گەورەو قەشەنگەیە.



لەماوەی دوساڵ و نیوی ڕابردوودا, عێراق بەرەپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە, ھەرچەندە ھەندێک جار زەحمەتە ئەو بەروەپێشچونە لە چاوی سیاسەتەوە ببینیت.



کاتێک وەک باڵێۆز لە عێراق دەستبەکار بووم لە کۆتایی ھاوینی ٢٠١٦, داعش ھەڕەشەیەکی بەرجەستەکراو بوو بۆ عێراق و ناوچەکە و ھەروەھا ھێزە ئەمنیەکانی عێراق نزیک بوون لەدەستپێکردنی ھەوڵە پاڵەوانیەکانیان بۆ ئازادکردنی موسڵ. دوای چەندین شەڕی قورس و لەدەستدانی چەندین عێراقی ئازا, ھێزە عێراقیەکان بە ھاوشانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمەریکا موسڵیان ئازادکردو داعشیان وەدەرنا. بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەھاتووە. لەسەر داوای حکومەتی عێراقی وبەھەماھەنگی تەواو لەگەڵ بەغداد, زیاتر لە پێنج ھەزار کەس لەھێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە ھاوشانیکردن لەگەڵ ھێزە ئەمنیەکانی عێراقدا و لە بنکەکانیاندا بۆ ڕاوێژ و ڕاھێنان و دابینکردنی پێویستی بۆیان بۆ دڵنیابوون لە تێکشکانی دوایی داعش و بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق. ھاوپەیمانان کە نوێنەرایەتی ٧٤ ووڵات و پێنج ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکەن ڕاھێنانیان بە زیاتر لە ١٩٠,٠٠٠ پۆلیس و سەربازی عێراقی کردووە.



لەکاتێکدا داعش پاشەکشەی پێکرا, ئاسایشی بەغداد و ناوچەکانی تری عێراق بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی. لەڕێگەی ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو ھاوشانە نێودەوڵەتیەکانی ترەوە زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارەی عێراقی گەڕاونەتەوە سەرماڵەکانیان بە سەلامەتی و شکۆوە. ئەو کەمینە نەژادی و ئاینیانەی کە داعش بە جینۆسایدکردن پەلاماری دان دەستیان بە ھەڵسانەوە کردووە.



پەیوەندیە ئابوریەکانمان گەشە دەکەن و ئێمە لێبڕاوانە کاردەکەین بۆ ھاندانی بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان عێراق و ئەمەریکا. مانگی ڕابردوو باڵیۆزخانە ھاوکاری لە گەڵ حکومەتی عێراق و ژووری بازرگانی ئەمەریکیدا کرد بۆ ھێنانی پەنجا کۆمپانیای ئەمەریکی بۆ عێراق بۆ دەرگاکردنەوە بۆ کاری ھاوبەشی بازرگانی و وەبەرھێنان.



لە ھەموو ئەو پێشکەوتنانەدا, دەرفەتی بێسنور لەبەردەم ھەنگاونانی عێراقدا دەبینم. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی نەوت و گاز و ئاو و زەوی کشتوکاڵی. عێراق خاوەنی دانیشتوانێکی زیرەک و خوێندەوار و کارکەری ماندوونەناسە. عێراق پشتیوانی ئەمەریکاو چەندان وڵاتی تری ھەیە کە دەیانەوێ عێراق ببینن گەشە بکات بەرەو وڵاتێکی سەرەوەرو سەربەخۆو دیموکراسی و پێشکەوتووی ڕاستەقینە.



بەڵام عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە. لەساڵی ٢٠٢٥ ەوە ساڵانە یەک ملیۆن گەنجی عێراقی دێنە ناوبازاڕی کارەوە بەڵام حکومەت چیتر لەتوانایدا نابێت ھەلی کار دابین بکات بۆ ئەوانەی پێویستیان بەکارە. باڵە سەربازیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت چەندین ناوچەی وولاًتیان لەژیّر دەستدایە کە بووەتە ھۆی ترس و ساردکردنەوەی زۆرێک لەئاوارەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. داعش ئێستاش بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ترس لە ناوعێراقیەکان لەڕێی پەلاماری تیرۆرستیەوە. بیرۆکراسی ماندوکەرو گەندەڵی و نادڵنیایی بازرگانان و خاوەنکارانی عێراق خاو دەکاتەوە وڕێگرە لەبەردەمیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و دروستکردنی ھەلی کاری تازە.



ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و من خۆشم ھیوای سەرکەوتن بۆ عێراق دەخوازین و بە تەوازوعەوە بۆچونی خۆم دەخەمە ڕوو کەچۆن عێراق دەتوانێت بە باشترین شێوە سەرکەوتو دەبێت.



یەکەم, عێراق پێویستە سەروەری خۆی بپارێزێت لەڕێی دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی و بنیاتنانی ئەو ھێزە ئەمنیەی کە تەنھا وەڵامدەرەوەی حکومەت دەبێت.



دووەم, عێراق پێویستە ئابووریەکەی لە گەندەڵی و بەربەستە بیرۆکراسیەکان ڕزگاربکات کە ڕێ لە خەڵکی بازرگان و خاوەنکاری عێراق دەگرن لە پەرەپێدانی کارەکانیان و دروستکردنی کاری تازە.



سێیەم, عێراق پێویستە کراوە بمێنێتەوە بەڕووی جیھانداو و کاریگەری خۆی لەسەرانسەری جیھاندا فراوانتر بکات.



ھەندێک دەیانەوێت عێراق تەھا یەک ھاورێی ھەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت عێراق سەدان ھاوڕێی ھەبێت و ئەو بۆچوون و نمونانە لەھەریەکێکیان وەربگرێت کە زۆرترین سودی بۆ ئاسایش و کۆمەڵگاو ئابوری عێراق ھەیە.



لەماوەی داھاتوو, عێراقیەکان ھەڵبژاردەی گەورەیان لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی ھەڵیبژێرن. ھیوادارم ھەموو جارێک بڕیاری ئەوە بدەن کە عێراق ھەڵبژێرن.



باسنیوز
Top