ھەردوو لیژنەی باڵای ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە
عوسمان ڕیشە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بەڕێوە چوو."
عوسمان ڕیشە گوتیشی: "بڕیار دراوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێکەوە کاری ھاوبەش بکەن و سەرجەم کێشەکانیش چارەسەر بکەن."
ڕیشە باسی لەوەش کرد: "لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک پرس گفتوگۆیان لەسەر کرا، لە نێوانیاندا باسی مەلەفی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کرا و کۆبوونەوەکەش ئیجابی بوو."
شاندی باڵای وەزارەتی بەرگریی عیراق پێک ھاتبوو لە فەریق ڕوکن، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، جێگری سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و شاندێکی یاوەری و دوای گەیشتنیان بۆ ھەولێر لە لایەن وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و کۆمەڵێک بەرپرسی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشوازیی لێ کرا و دواتریش کۆبوونەوە و لیژنەی ھاوبەشی ھەردوولا کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.
kdp-
